بەرزکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی تۆڕی فاکەڵتیی کشتوکاڵی زانکۆی کوردستان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای Wi-Fi 7
فاکەڵتیی کشتوکاڵی زانکۆی کوردستان بە تەکنەلۆژیای نەوەی حەوتەمی تۆڕی بێتەل (Wi-Fi 7) پڕچەک کرا
پڕۆژەی بەرزکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی تۆڕی کێبڵ و بێتەلی فاکەڵتیی کشتوکاڵی زانکۆی کوردستان بە تەرخانکردنی بودجەیەک کە زیاترە لە ٣٠ ملیار ڕیاڵ گەیشتە کۆتایی. لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، ژێرخانی پەیوەندییەکانی فاکەڵتییەکە لەسەر بنەمای نوێ داڕێژرایەوە و تەکنەلۆژیای نەوەی حەوتەمی تۆڕی بێتەل (Wi-Fi 7) خرایە گەڕ.
بەپێی ڕاپۆرتی جێگرایەتیی پلاندانان و گۆڕانکاریی دیجیتاڵیی زانکۆی کوردستان، ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخانە پەیوەندییەکان، بەرزکردنەوەی پایداریی تۆڕەکە و باشترکردنی کوالیتیی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی فێرکاری، توێژینەوە و کارگێڕی لە باڵەخانەی سێ نهۆمیی فاکەڵتیی کشتوکاڵدا جێبەجێ کرا.
لە درێژەی ئەم نۆژەنکردنەوەیەدا، پێکهاتەی زنجیرەیی و کۆنی تۆڕەکە لابرا و ئەندازیاریی پەیوەندیی باڵەخانەکە بەپێی ستانداردە هاوچەرخەکان سەرلەنوێ داڕێژرایەوە. هەروەها زیاتر لە ٢ هەزار مەتر کێبڵکێشانی تۆڕ ئەنجام درا و ٦ سویچی کۆن بە کەلوپەلی نوێی کۆمپانیای سیسکۆ (Cisco) جێگۆڕکێیان پێ کرا.
لە بەشی تۆڕی بێتەلیشدا، بە دامەزراندن و خستنەگەڕی ٤٦ خاڵی دەستڕاگەیشتن (Access Point) لەسەر بنەمای ستانداردی Wi-Fi 7، ژێرخانی پێویست بۆ باشترکردنی داپۆشین، خێرایی و کوالیتیی پەیوەندییە بێتەلەکان لە بەشە جیاوازەکانی فاکەڵتییەکەدا دابین کرا.
کەڵکوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی کێبڵی تۆڕەوە (PoE) بۆ دابینکردنی وزەی خاڵەکانی دەستڕاگەیشتن بێ پێویستی بە ئاداپتەری کارەبایی سەربەخۆ، شانبەشانی ڕێکخستنی کەرەستەکان و باشترکردنی ڕێکەکانی تۆڕ، لە هەنگاوە تەکنیکییە گرنگەکانی تری ئەم پڕۆژەیە بوون.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەک هەنگاوێک لە ئاراستەی پەرەپێدانی ژێرخانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، نۆژەنکردنەوەی تۆڕی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵیی زانکۆی کوردستان دێتە ئەژمار، و زەمینەیەکی گونجاوتر بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییە بەردەوامەکان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە فاکەڵتیی کشتوکاڵدا فەراهەم دەکات.
