بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی تەکنەلۆژیای زانیاری و لەژێر چاودێریی جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری پلاندانان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی؛
سیستەمی گشتگیری خزمەتگوزارییەکانی ژیریی دەستکرد لە زانکۆی کوردستان کەوتە کار
بە مەبەستی ئاسانکاری و بەرەوپێشبردنی چالاکییە فێرکاری و توێژینەوەییەکان، سیستەمی یەکگرتووی خزمەتگوزارییەکانی ژیریی دەستکرد لە زانکۆی کوردستان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەکنەلۆژیای زانیاری و لەژێر چاودێریی جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری پلاندانان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی خرایە گەڕ و ئێستا لەبەردەستی زانکۆییەکاندایە. لە قۆناغی یەکەمی سوودوەرگرتن لەم ژێرخانە تەکنەلۆژییەدا، ئەندامانی بەڕێزی دەستەی زانستیی زانکۆ دەتوانن بە ئاسانی و لە ڕێگەی هەژماری کاربەریی یەکگرتووی زانکۆوە بچنە ناو سیستەمەکە و لە ژینگەیەکی هاوبەشدا، سوود لە پێشکەوتووترین مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی جیهان وەک OpenAI ،Claude و DeepSeek وەربگرن.
ئەم پلاتفۆرمە کارایە سەرەڕای کۆکردنەوەی مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی ژیریی دەستکرد لە یەک دەروازەدا، تایبەتمەندیی پێشکەوتووی وەک گەڕانی ڕاستەوخۆ لە تۆڕی ئینتەرنێت، هاوپێچکردنی فایل لەناو گفتوگۆکان و دابینکردنی ڕووکاری بەرنامەسازیی کاربەری (API) تایبەت بە گەشەپێدەران و توێژەران فەراهەم دەکات. هەروەها بۆ بەڕێوەبردنی ئاسانتری هەژمارەکان، جزدانێکی ئەلیکترۆنی لە سیستەمەکەدا جێگیر کراوە کە تێچووی هەر گفتوگۆیەک بە شێوەیەکی تەواو ڕوون و بە تمەن پیشان دەدات و لە کاتی کەمبوونەوەی باڵانسدا، لە ڕێگەی کورتەنامەوە کاربەر ئاگادار دەکاتەوە.
لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی زانکۆ بۆ هاندانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان و پاڵپشتیکردنی مامۆستایان، تێچووی بارگاویکردنەوەی ئەم سیستەمە لەسەر بودجەی توێژینەوەی (گرانت) ئەندامانی دەستەی زانستی قابیلی خەرجکردن و پاکتاوکردنە، هەروەها زانکۆ بە هەمان بڕی بارگاویکردنەوەی هەر کاربەرێک، باڵانسی هاندەرانە دەخاتە سەر هەژمارەکەی. جێگەی ئاماژەیە کە پاراستنی تایبەتمەندی و ئاسایشی زانیاریی بەکارهێنەران لەم سیستەمەدا لە پێشینەی کارەکانە؛ بە جۆرێک کە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بە هیچ شێوەیەک بۆ بەڕێوەبەرانی سیستەمەکە دیار نییە و تەنها ژمارەی تۆکنە بەکارهاتووەکان و تێچووی هەر وەڵامێک لە سیستەمەکەدا تۆمار دەکرێت.
