لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانییەکانی زانکۆییەکان؛
فرۆشگای هەرەوەزیی بەکاربردنی فەرمانبەرانی زانکۆی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد
فرۆشگای هەرەوەزیی بەکاربردنی فەرمانبەرانی زانکۆی کوردستان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانییەکان و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنی زانکۆییەکان بە کاڵا پێویستەکان، بەفەرمی چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، دەستەی بەڕێوەبەریی هەرەوەزیی بەکاربردنی فەرمانبەرانی زانکۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی کردنەوەی فەرمیی ئەم فرۆشگایەی بە پشتیوانیی دارایی بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆ ڕاگەیاند. ئەم ناوەندە هەموو ڕۆژێک جگە لە ڕۆژانی هەینی، لە کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانییەوە تا ٢١ی شەو ئامادەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بە فەرمانبەران و بنەماڵەکانیان.
لە هەنگاوی یەکەمی چالاکیی ئەم فرۆشگایەدا، زیاتر لە ٩٠٠ جۆر کاڵای جۆراوجۆر لە براندە باوەڕپێکراوەکان بە کوالێتیی گونجاو و نرخی لەبار دەخرێتە بەردەستی سەردانکەران. هەروەها بە مەبەستی ڕەخساندنی بەهای زیادە و یارمەتیدان بۆ بەڕێوەبردنی باشتری تێچووەکانی ژیانی هاوکاران، سەرەڕای پێشکەشکردنی داشکاندنی بەردەوام بە درێژایی مانگ، پلانێکی تایبەتیش بە ناونیشانی «داشکاندنە سەرسوڕهێنەرەکانی سەرەتای مانگ» لەم ناوەندەدا لەبەرچاو گیراوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی دەستەی بەڕێوەبەریی هەرەوەزیی بەکاربردنی فەرمانبەران، کردنەوەی ئەم فرۆشگایە دەستپێکی بەرنامە نوێیەکانی خۆشگوزەرانییە لە زانکۆدا و لە داهاتوویەکی نزیکدا، پلانی نوێی کڕینی قەرز (ئێعتباری) و بەرنامەی پشتیوانیی جۆراوجۆر بە ئامانجی کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی بژێویی ژیانی فەرمانبەران جێبەجێ دەکرێن.
دەستەی بەڕێوەبەریی ئەم هەرەوەزییە لە کۆتاییدا، بەشداری و هاوڕێیەتیی بنەماڵەی زانکۆی کوردستانی بە پشتیوانیی سەرەکیی بەردەوامیی ئەم ڕێڕەوە زانیوە و بانگهێشتی هاوکارانی کردووە تاکوو بە پێشکەشکردنی پێشنیار و تێڕوانینەکانی خۆیان، لە باشترکردنی بەردەوامی خزمەتگوزارییەکانی ئەم ناوەندەدا بەشدار بن.
