لە کۆبوونەوەی «هەرێمی هونەر و ئەدەبیات» لە زانکۆی کوردستاندا خرایە ڕوو؛
هادی زیائەددینی: فەرهەنگی کوردی و کەرامەتی مرۆیی تەوەری سەرەکیی بەرهەمەکانمن
کۆبوونەوەی پسپۆڕیی «هەرێمی هونەر و ئەدەبیات» بە ئامادەبوونی مامۆستا هادی زیائەددینی، پەیکەرتاش و نیگارکێشی دیاری وڵات و کۆمەڵێک لە مامۆستایان و خوێندکاران، لە کۆلێژی زمان و ئەدەبیاتی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەم کۆبوونەوەیە بە هەوڵی ئەنجومەنی زانستیی زمان و ئەدەبیاتی کوردی و بە هاوکاریی جێگرایەتیی توێژینەوەی کۆلێژی زمان و ئەدەبیات و جێگرایەتیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی زانکۆ لە هۆڵی خەییام بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا کە بە شێوازی پرسیار و وەڵام بەڕێوە چوو، مامۆستا هادی زیائەددینی بە چاوخشاندنەوەیەک بە قۆناغی منداڵی و قۆناغەکانی هاتنە ناو گۆڕەپانی هونەر، ڕێزی لەو کەسانە گرت کە لەم ڕێڕەوەدا ڕێنیشاندەری بوون و وتی: لە ساڵی ١٣٥٦دا بە چوونە ناو کۆلێژی هونەرە جوانەکان، بە شێوەیەکی جیدی ڕووم کردە هونەری هێڵکاری و پەیکەرتاشی.
ئەم هونەرمەندە دیارە، زمانی پەیکەرتاشیی بە زمانی وێنە، هێڵ و فۆرم زانی و وتیشی: پەیکەرتاشی بۆ من مەرج نییە هەڵگری پەیامێکی ئامۆژگاریکەرانە و ئەخلاقیی تایبەت بێت، بەڵام پەرژانە سەر نەریت و فەرهەنگی کوردی لە پاڵ سەرنجدان بە کەرامەتی مرۆیی، هەمیشە لە ئامانج و بەستێنە سەرەکییەکانی بەرهەمەکانم بووە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە مانەوەی خۆی لە زێدەکەیدا سەرەڕای کەمیی ئیمکانات، ڕایگەیاند: هەرچەندە هەلومەرج بۆ کۆچکردن بۆ شار و وڵاتانی دیکە بەئاسانی بۆم ڕەخسابوو، بەڵام هیچ شوێنێکم بەسەر شار و دیاری خۆمدا پەسەند نەکرد.
خوڵقێنەری پەیکەرە هەرمانەکانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پەیوەندیی سۆزداریی قووڵی خۆی لەگەڵ بەرهەمەکانیدا کرد و بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەک لە دروستکردنی پەیکەری «مەولانا» و «سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی» وتی: لە کاتی دروستکردنی پەیکەری سەید عەلی ئەسغەری کوردستانیدا، هاوکات گوێم بۆ دەنگە ئەفسانەییەکەی ئەم هونەرمەندە ڕادەگرت و چەندین جار لەبەر شەوق و حەسرەت فرمێسکم ڕشت.
زیائەددینی هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی بەهرە هونەرییەکان لە کۆمەڵگەدا کردەوە و داوای خۆشکردنی ڕێڕەوی هونەری بۆ منداڵان و ڕێگریکردن لە سەرکوتکردنی بەهرەکانیانی کرد.
لە کۆتاییی ئەم کۆبوونەوەیەدا، دکتۆر حەسەن سەرباز، ڕاگری کۆلێژی زمان و ئەدەبیاتی زانکۆی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە ئامادەبوونی ئەم هونەرمەندە دێرینە لەنێو کۆڕی زانکۆییەکاندا، پەیوەندیی زانکۆی لەگەڵ شانازییە هونەرییەکانی کۆمەڵگە بە ڕووداوێکی بەنرخ وەسف کرد و مامۆستا زیائەددینیی بەهۆی کەڵکوەرگرتنی هونەرمەندانە لە توخمە خۆماڵی و خۆجێییەکان، بە هونەرمەندێک لە ئاستی جیهانیدا ناوزەد کرد.
