06 10 2026

شیکاریی پێکهاتەییی ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی تایمز ٢٠٢٧ (WUR 2027)؛

بەدەستهێنانی پلەی ١٨ی زانکۆی کوردستان لەنێو زانکۆ گشتگیر و ناپزیشکییەکانی وڵاتدا / بەدەستهێنانی پلەی ٤٨ی سەرجەم زانکۆکانی ئێران لە سیستەمی تایمزدا

دامەزراوەی نێودەوڵەتیی تایمز (Times Higher Education) ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی جیهانیی زانکۆکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بڵاو کردەوە. لەم خولەدا، بە گشتی ٢,٢٩٧ دامەزراوە لە ١١٨ وڵاتی جیهان هەڵسەنگێندراون. لە ئاستی نیشتمانیدا، سەرجەم ٨٩ زانکۆ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم سیستمەدا بەشدار بوون کە لەو ژمارەیە، ٧٥ زانکۆ توانیویانە پلەی فەرمیی ژمارەیی بەدەستبهێنن و ١٤ زانکۆش لە دۆخی ڕاپۆرتدەر (Reporter - نێرەری دراوە بەبێ وەرگرتنی پلە) پۆلێن کراون.

لەم هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەدا، زانکۆی کوردستان لە مەودای پلەبەندیی ١٢٠١ تا ١٤٠٠ی جیهاندا جێگیر بووە و لە ئاستی نیشتمانیشدا پلەی ٤٨ی لەنێو سەرجەم ٨٩ زانکۆی بەشداربوو (و هەروەها ٧٥ زانکۆی خاوەن پلە) بەدەستهێناوە.

پێگەی ١٨ لە گرووپی زانکۆ ناپزیشکییەکاندا

پێداچوونەوەی جیاکراوەی پێکهاتەی زانکۆ پێشەنگەکان دەریدەخات کە ٢٧ زانکۆی زانستە پزیشکییەکان لە پلە بەرزترەکاندا جێگیر بوون. هەروەها لە بواری زانکۆ ناپزیشکییەکاندا (گشتگیر، پیشەسازی و کشتوکاڵی)، تەنیا ١٧ زانکۆ بریتی لە زانکۆی پیشەسازیی شەریف، پیشەسازیی ئەمیرکەبیر، زانست و پیشەسازیی ئێران، تاران، پیشەسازیی شیراز، پیشەسازیی نۆشیروانیی بابل، پیشەسازیی ئەسفەهان، تەورێز، شەهید بەهەشتی، شیراز، ورمێ، فێردۆسیی مەشهەد، زانستە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە سروشتییەکانی گورگان، پیشەسازیی خاجە نەسیرەدینی تووسی، سیمنان، شەهید باهونەری کرمان و کاشان لە سەرتر لە زانکۆی کوردستانەوە وەستاون. بەم پێیە، زانکۆی کوردستان توانیویەتی پلەی ١٨ لەنێو زانکۆ گشتگیر و ناپزیشکییەکانی وڵاتدا بەدەستبهێنێت.

زانکۆی کوردستان لە هەڵسەنگاندنی ساڵی ٢٠٢٧دا لە مەودای هاوبەشی پلەبەندی لەگەڵ کۆمەڵێک لە زانکۆکانی وڵات لەوانە خوارەزمی، ئەسفەهان، مازەندەران، یەزد، نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی، حەکیم سەبزەواری، کەنداوی فارس، پیشەسازیی سەهەند، مەراغە و موحەقیقی ئەردەبیلی جێگیر بووە و بەپێی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن، لە پێش چەندین زانکۆی وەک عەلامە تەباتەبایی، بوعەلی سینا، ڕازی، گێڵان، ئەلزەهرا، زەنگان، ئەراک، ئیلام و لوڕستان ڕاوەستاوە.

شیکاریی پێوەرەکانی ئاستی ئەدا

تاوتوێکردنی ڕەهەندەکانی پێنج کۆڵەکەی سەرەکیی هەڵسەنگاندنی تایمز کە بریتین لە «فێرکاری»، «ژینگەی توێژینەوە»، «کوالیتیی توێژینەوە»، «پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی» و «ڕوانگەی نێودەوڵەتی»، پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەدای زانکۆی کوردستان ڕوون دەکاتەوە:

١. کوالیتیی توێژینەوە (Research Quality): خاڵی پشتپێبەستراوی سەرەکیی زانکۆی کوردستان پێوەری کوالیتیی توێژینەوە و ئاستی کاریگەریی ژێدەرپێدانی وتارە زانستییەکانە. بە جێبەجێکردنی مێتۆدۆلۆژیای نوێی WUR 3.0 کە هاوکات لەگەڵ کاریگەریی ژێدەرپێدان (FWCI)، پێوەرەکانی لێهاتوویی و دەسەڵاتی توێژینەوەش هەڵدەسەنگێنێت، بەردەوامیی کوالیتیی بەرهەمە زانستییەکانی ئەم زانکۆیە پارێزراوە.

٢. پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی (Industry): وەرگرتنی پڕۆژە توێژینەوەییە کاربردی و دەرەکییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا یارمەتیدەری سەقامگیریی خاڵەکانی زانکۆ لەم کۆڵەکەیەدا بووە.

٣. ئاستەنگە پێکهاتەییەکان (ژینگەی توێژینەوە و ڕوانگەی نێودەوڵەتی): نزمیی نمرە لە کۆڵەکەی ڕوانگەی نێودەوڵەتیدا (ڕێژەی مامۆستا و خوێندکاری بیانی و هاونووسینی سنووربەزێن) و هەروەها نمرەی ناوبانگی ئەکادیمی لە ڕاپرسییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە گرنگترین ئەو ئاستەنگانەن کە بەربەست بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی زانکۆ دروست دەکەن.

ئاسۆی بەردەم

ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی تایمز ٢٠٢٧ دەریدەخات کە پاراستن و بەرزکردنەوەی پێگەی زانکۆی کوردستان لەنێو زانکۆ گشتگیرەکانی وڵاتدا، پێویستی بە داڕشتنی بەرنامەی ئامانجدار دەبێت بۆ پەرەپێدانی دیپلۆماسیی زانستی، ئاسانکاری بۆ دەرفەتە لێکۆڵینەوەییە نێودەوڵەتییەکان، بەرزکردنەوەی ئیعتیباری توێژینەوە لە ڕاپرسییە جیهانییەکاندا و زیادکردنی داهاتی سەرانەی توێژینەوەی دەرەوەی زانکۆ.