01 09 2026

شانازی‌ئافراندنی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە حەڤدەهەمین ئۆڵۆمپیادی خوێندکارانی کوڕی وڵاتدا

حەڤدەهەمین ئۆڵۆمپیادی کولتووری و وەرزشیی خوێندکارانی کوڕی زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ئێران، لە ٣١ی گەلاوێژ تا ٩ی خەرمانانی ١٤٠٥ بە بەشداریی پتر لە ٣٥٠٠ خوێندکار و بە میوانداریی زانکۆی پیشەسازیی شاهرود بەڕێوە چوو. شاندی وەرزشیی زانکۆی کوردستان بە ناردنی ٩ وەرزشوان و ٥ ڕاهێنەر و سەرپەرشتیار لە ڕشتەکانی بەدمینتۆن، زۆرانبازی، کاراتێ، دوومیدانی و وەرزشە زوورخانەیی و باستانییەکاندا بەشداریی لەم ڕکابەرییانەدا کرد.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لەم خولەی ئۆڵۆمپیاددا بە بەدەستهێنانی چوار مەدالیا و پلەیەکی چوارەم، ئاستێکی بەرچاو و شیاوی سەرنجیان پێشکەش کرد.

لە ڕشتەی وەرزشە زوورخانەیی و باستانییەکاندا، محەممەدڕەزا خوسرەوی لە بەشی میلی باستانیدا بە مسۆگەرکردنی مەدالیای زیو، پلەیەکی پڕبایەخی بۆ زانکۆی کوردستان تۆمار کرد. هاوکات لە ڕشتەی کاراتێدا، ڕامیار بەهمەنی لە کاتای تاکەکەسیدا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی مەدالیای بڕۆنز.

لە ڕشتەی دوومیدانیدا، تیمی ٤×٤٠٠ مەتری هاوبەشی زانکۆی کوردستان بە بەشداریی مۆبین ئیعتماد، مەیسەم محەممەدی، مەتین ڕەنجبەر ئازەر و ئەمیرڕەزا حیشمەتیان پلەی سێیەمی بەدەست هێنا و بووە خاوەنی مەدالیای بڕۆنز؛ هەروەها مۆبین ئیعتماد لە ڕاکردنی ٨٠٠ مەتردا پلەی چوارەمی بەدەست هێنا.

لە ڕشتەی زۆرانبازیشدا، سەید کارێن حوسێنی بە دەستهێنانی پلەی سێیەم و مەدالیای بڕۆنز، نازناوێکی دیکەی سەرکەوتووانەی پێشکەشی زانکۆی کوردستان کرد.

ئەم دەستکەوتە نیشاندەری توانا، لێهاتوویی و ئاستی بەرزی خوێندکارانی زانکۆی کوردستانە لە گۆڕەپانی وەرزشی زانکۆیی وڵاتدا، کە لە سایەی کۆشش و ئامادەبوونی کارایان لە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە وەرزشییە خوێندکارییەکاندا وەدی هاتووە.