10 11 2026

بەرزکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی تۆڕی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی کوردستان بە دابینکردنی تەکنەلۆژیای Wi-Fi 7

کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی کوردستان بە نەوەی حەوتەمی تەکنەلۆژیای تۆڕی بێتەل (Wi-Fi 7) تەیار کرا

پرۆسەی بەرزکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی تۆڕی بەتەل و بێتەلی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی کوردستان بە تەرخانکردنی ٣٠ ملیار ڕیاڵ تەواو بوو و ئەم کۆلێژە بە نەوەی حەوتەمی تەکنەلۆژیای بێتەل (Wi-Fi 7) تەیار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، لە میانەی پرۆسەی بەرزکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکانی پەیوەندیی کۆلێژی کشتوکاڵ کە بە ئامانجی باشترکردنی کوالێتیی خزمەتگوزارییە فێرکاری و توێژینەوەییەکان لە باڵەخانەی سێ نهۆمیی ئەم کۆلێژەدا ئەنجام درا، پێکهاتەی زنجیرەیی کۆن بە تەواوی لابرا و نەخشەسازیی تۆڕەکە لەسەر بنەمای ستانداردەکانی سەردەم دووبارە داڕێژرایەوە.

لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا کە بە تەرخانکردنی بڕی ٣٠ ملیار ڕیاڵ جێبەجێ کرا، زیاتر لە دوو هەزار مەتر کێبڵکێشیی تۆڕ ئەنجام درا و شەش سویچی کۆن بە سویچی کۆمپانیای سیسکۆ (Cisco) گۆڕدران. هەروەها بە دانانی ٤٦ ئەکسێس پۆینت (خاڵی دەستڕاگەیشتن) لەسەر بنەمای ستانداردی Wi-Fi 7، ڕووماڵ و خێراییی تۆڕی بێتەل لە بەشە جیاوازەکانی ئەم باڵەخانەیەدا بەرز کرایەوە.

دابینکردنی وزەی خاڵەکانی دەستڕاگەیشتن لە ڕێگەی کێبڵی تۆڕەوە (تەکنەلۆژیای PoE) بەبێ پێویستی بە ئەداپتەری کارەبای جیاواز و هەروەها پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕێکەکان (Racks)، لە هەنگاوە تەکنیکییەکانی دیکەی ئەنجامدراو لە میانەی باشترکردن و نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئەم کۆلێژە هەژمار دەکرێن.