کۆبوونەوەی کارگرووپی پارێزگایی بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵای کوردستان بەڕێوەچوو
کارگرووپی پارێزگایی بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵای پارێزگای کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کوردستان و سەرۆکی کارگرووپەکە، سەرۆکی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای پارێزگا و ئەندامانی دیکەی کارگرووپەکە بە میوانداریی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، لەم کۆبوونەوەیەدا بابەت و پرسەکانی پەیوەندیدار بە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی باڵای پارێزگا تاوتوێ کران.
د. محەممەد ڕەزاقی، جێگری فێرکاریی زانکۆی کوردستان و سکرتێری کارگرووپی پارێزگایی، هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی کارنامەی دانیشتنەکە، ئامانج، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی کارگرووپی پارێزگایی بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵای ڕوون کردەوە و ڕاپۆرتێکی لەم بارەیەوە پێشکەش کرد.
چۆنیەتیی لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی پەیوەست بە کردنەوە و پەرەپێدانی بەشە نوێیەکان لە خوێندنی باڵای پارێزگادا، سەرنجدانی تایبەت بە پەروەردەی لێهاتوویی و پێداویستیتەوەر لەسەر ئاستی پارێزگادا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەلی کار و کارامەییی دەرچووان لە پارێزگادا، و بڕیاردان و هەنگاونان سەبارەت بەو ئەرکانەی کە بە بەردەوامی لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردنی پارێزگایییەوە دەسپێردرێن بە پارێزگاکان، لەو بابەتانە بوون کە لە کۆبوونەوەکەدا خرانە بەر باس.
لە درێژەدا، سەرۆکی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای پارێزگا و ئەندامانی دیکەش ڕوانگە، پێشنیاز و پرسەکانی پەیوەندیدار بە کایەی چالاکیی خۆیان خستەڕوو و سەبارەت بە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکان و کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی کارگرووپی پارێزگایی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە بڕیارەکانی ئەم دانیشتنەش دەتوانرێت ئاماژە بە ڕەزامەندیی کارگرووپەکە لەگەڵ داواکاریی پارکی زانست و تەکنەلۆژیای کوردستان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوەندەکانی داهێنانی پیشەسازییە خولقێنەرەکان، کانزا و فەرشی دەستچن بکرێت.
