22 06 2026

لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی زانکۆ لەگەڵ پیشەسازی و کۆمەڵگە:

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی ئەندامانی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی و کۆمەڵگە بەڕێوەچوو

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی ئەو ئەندامانەی دەستەی زانستی کە داواکاری خولی دەرفەتی توێژینەوەن لە کۆمەڵگە و پیشەسازیدا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی داهێنانی زانکۆ و بەڕێوەبەرانی بواری جێگری توێژینەوە و داهێنانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئەندامانی دەستەی زانستیی زانکۆ لەگەڵ کەرتی پیشەسازی و کۆمەڵگە، ئاسانکاری لە پرۆسەی ئامادەبوونی مامۆستایان لە خولەکانی دەرفەتی توێژینەوە و بەهێزکردنی هاوکارییە زانستی و توێژینەوەییەکان لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمپانیاکان ئەنجام درا.

ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن ناوەندی پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی و کۆمەڵگەی زانکۆی کوردستان بۆ ئەو ئەندامانەی دەستەی زانستی ڕێکخرابوو کە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی زانستی و گۆڕینی باری دامەزراندنیان، پابەندن بە تێپەڕاندنی خولی دەرفەتی توێژینەوە لە کۆمەڵگە و پیشەسازیدا.

داوا لە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە کرابوو تا وێڕای خستنەڕووی ئەزموونەکانیان لەم دەرفەتە توێژینەوەیە، ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە لە ماوەی خولەکەدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی زانکۆ بتوانێت لە داهاتوودا بە ئاسانکاریی زیاتر، مەرجی گونجاوتر بۆ جێبەجێکردنی خولەکانی دەرفەتی توێژینەوە بڕەخسێنێت.

شایانی باسە لەم کۆبوونەوەیەدا ئەو ئەندامانەی دەستەی زانستی کە لە خولەکانی دەرفەتی توێژینەوەی کۆمەڵگە و پیشەسازیدا بەشدارییان کردبوو، ئەزموون، دەستکەوت و ئاستەنگەکانی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ ئامادەبوونیان لە دەرەوەی زانکۆ و کارلێک لەگەڵ کەرتە جیاجیاکانی کۆمەڵگە و پیشەسازی خستە ڕوو.

یەکێک لە ئامانجەکانی سازکردنی ئەم کۆبوونەوەیە، بەهێزکردنی پەیوەندیی زانکۆ لەگەڵ کۆمەڵگە و پیشەسازی، پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان و ڕۆڵگێڕانی کاریگەرتری زانکۆیە لە ناسینەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و پیشەسازی.