کۆبوونەوەی شەهیدانی خوێندکار لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو
کۆبوونەوەی شەهیدانی خوێندکار بە ئامادەبوونی خوێندکاران، بەرپرسانی پارێزگا و زانکۆ، مامۆستایانی زانکۆ و بنەماڵە بەڕێزەکانی شەهیدان، بە ئامانجی بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی گەورەی خوێندکار و ڕووناککردنەوەی پێگەی بڵندی فیداکاری و شەهیدبوون لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەم کۆبوونەوەیە ڕۆژی دووشەممە ٢ی ئازەری ١٤٠٥، لە هۆڵی مەولەویی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو و تیایدا ئامادەبووان وێڕای بەرزڕاگرتنی پێگەی بەرزی شەهیدانی خوێندکار، جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی ئارمانجەکان، بەهاکان و ڕێگا پڕشکۆمەندەکەی ئەم شەهیدانە کردەوە.
تێچووی سازش بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاتر لە خۆڕاگرییە
لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا بەرپرسی نوێنەرایەتیی ڕێبەری باڵا لە زانکۆی کوردستان وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند خۆڕاگری و سازش هەردووکیان تێچوونیان هەیە، وتی: بێگومان تێچووی سازش بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاتر لە خۆڕاگرییە و ئەزموونی مێژووییش ئەم بابەتە نیشان دەدات.
حوجەتولئیسلام والمسلمین عابیدین ڕوستمەیی لەم ڕێوڕەسمەدا بە ئاماژەدان بە بیرۆکەی ئیمامی کۆچکردوو ڕایگەیاند: لە جیهاندا هەندێک کەس دەسەڵاتخواز و ستەمکار و هەندێک کەس لایەنگری سازشن و ژمارەیەکی کەم لە بەرامبەر ستەمکاری و سازشدا دەوەستن و خۆڕاگری دەکەن.
ناوبراو زیادیشی کرد: سیستەمی دەسەڵاتخوازی و ستەمکاری و سیستەمی سازش دوو ڕووی یەک سکەن، بەو مانایەی کە ستەمی ناوخۆیی زەمینەخۆشکەری ئیستعمارە و ئیستعماریش بۆ نفووذکردن لەنێو نەتەوە و وڵاتە جیاوازەکاندا پێویستی بە ستەم و سازش هەیە.
حوجەتولئیسلام ڕوستمەیی بە ئاماژەدان بە پێگەی شەهیدانی خۆڕاگری وتی: ئەوانەی گیانی خۆیان لە پێناو خۆڕاگری و جیهاددا دەدەن، ڕێگەیەکی جیاوازیان هەڵبژاردووە.
ناوبراو وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی شۆڕشی ئیسلامی، جەنگی سەپێنراو، پاسەوانانی حرم، حاجی قاسم سولەیمانی و هاوڕێ سەربازەکانی و شەهیدانی جەنگە تازەکان، لە سەیدووشوهەدای سەدە وەک کەسایەتییەکی لەبیرنەکراو یاد کردەوە.
بەرپرسی نوێنەرایەتیی ڕێبەر لە زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی خوێندکارانی وڵاتانی جیاواز لە پاڵپشتیکردنی خۆڕاگریدا ڕایگەیاند: ئەم کەسانە لە لای دروستی مێژوودا ڕاوەستاون و ڕاوەستان لەم بەرەیەدا، ونبووی شارستانییەتیمانە.
شایانی باسە؛ لە کۆتاییی ئەم ڕێوڕەسمەدا لە بنەماڵەی شەهیدانی خوێندکاری پارێزگای کوردستان بە بەخشینی لووحەی ڕێزلێنان پێزانین کرا.
