ڕوانینێک بۆ هەوڵەکانی ناوەندی بەڵگەنامە و دەستنووسەکانی زانکۆی کوردستان بۆ پاراستنی ئەم میراتە؛
کوردستان، گەنجینەیەکی پڕبایەخ لە میراتی نووسراوی دێرین
دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکان تەنیا کۆمەڵە نووسراوێکی بەجێماو لە ڕابردوو نین؛ بەڵکوو هەر پەڕەیەکیان بەشێک لە مێژووی بیر، کولتوور، پەروەردە و ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک لەخۆ دەگرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ناساندن، کۆکردنەوە، پاراستن، تۆمارکردن و بەدیجیتاڵکردنی ئەم بەرهەمانە، یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی پاراستنی میراتی نووسراوی هەر خاک و نیشتمانێکە.
لە پێناو ئەم ئامانجەدا، ناوەندی بەڵگەنامە و دەستنووسەکانی زانکۆی کوردستان، سەر بە کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ، لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی (٢٠٢٢ی زایینی)یەوە بە مەبەستی کۆکردنەوە، پاراستن و بەدیجیتاڵکردنی سەرچاوە گرانبەهاکان، بەڵگەنامە و دەستنووسەکان دەستی بە چالاکییەکانی کردووە. ئەم ناوەندە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ناسینەوە و کۆکردنەوەی میراتی نووسراوی پارێزراو لەلای بنەماڵەکان و کۆکراوە تایبەتییەکان، بەشێک لە گەنجینەی زانستی و کولتووریی کوردستان تۆمار بکات و بیخاتە بەر دەستی توێژەران.
دکتۆر نەوید نەقشبەندی، سەرپەرشتیاری ناوەندی بەڵگەنامە و دەستنووسەکانی زانکۆی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان ڕایگەیاند: ناوچەی کوردستان بەدرێژایی مێژوو هەمیشە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی زانست و کولتوور لە جیهانی ئیسلامیدا بووە و زانایان، ئەدیبان، فەقێیان، عاریفان و بیرمەندانی زۆری لەم خاکەوە هەڵکەوتوون. بوونی مزگەوت و قوتابخانە ئاینییەکان، خانەقاکان، کتێبخانە تایبەتییەکان و بنەماڵە زانستییەکان لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، بووەتە هۆی پێکهاتن و پاراستنی گەنجینەیەکی بەنرخ لە کتێب و بەڵگەنامە؛ کۆکردنەوە و بەبەڵگەکردنی ئەم بەرهەمانە هەنگاوێکی بنەڕەتییە لە ناسینی مێژووی زانستی و کولتووریی کوردستان و ڕەخساندنی بوار بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەنگاوە ئەنجامدراوەکانی ئەم ناوەندە زیادی کرد: لە ماوەی چالاکیی ناوەندەکەدا، تا ئێستا زیاتر لە ٢٧ هەزار لاپەڕە لە کتێب و بەڵگەنامەکان سکان و دیجیتاڵ کراون و لە تەنیشت ئەوەشدا، کۆمەڵێک کتێبی دەستنووس و گرانبەها کۆکراونەتەوە.
نەقشبەندی ئەوەشی خستە ڕوو: ئەم هەنگاوانە، دەستپێکی کاروانێکە لە ڕێڕەوی ئەرشیڤکردن، بەبەڵگەکردن و کۆکردنەوەی دەستنووسەکان و هیوادارین بە بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە، بتوانین بەشێکی زیاتر لە میراتی نووسراوی کوردستان بناسینەوە و تۆماری بکەین.
سەرپەرشتیاری ناوەندی بەڵگەنامە و دەستنووسەکانی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە پێشوازیی هەندێک لە بیرمەندان و خاوەن کۆکراوە زانستییەکان لە چالاکییەکانی ئەم ناوەندە وتی: خۆشبەختانە پێشوازییەکی باش لە لایەن هەندێک لە بیرمەندان و خاوەن کۆکراوە زانستییەکانەوە کراوە و بەخشینی کۆکراوەکانیان یارمەتیدەری دەوڵەمەندکردنی ناوەندەکە بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: لەم نێوەندەدا دەبێت سوپاسی کەسایەتییە زانستی و کولتوورییەکانی وەک مامۆستا موئمین مەردۆخ، فوئاد ئیبراهیمی، ڕەزوان موتەوەسەل، فوئاد موتەوەسەل، فەرشاد قادری و خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر ئەسعەد شێخولئیسلامی بکەین.
نەقشبەندی ڕوونی کردەوە: هەروەها بنەماڵە زانستپەروەر و دیارەکانی کوردستان، لەوانە بنەماڵەکانی حەیرەت سەجادی، ئیمام مەردۆخ، مەستۆفی، عەلایی ئەردەڵان، محەممەدی و زۆرانی تر، لەم ڕێگەیەدا هاوڕێ و هاوکارمان بوون کە ناوهێنانی هەموویان لەم دەرفەتە کورتەدا ناگونجێت.
ناوبراو درێژەی پێدا: لە ئێستادا لە ناوەندی بەڵگەنامە و دەستنووسەکانی زانکۆی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ بەرگ کتێبی دەستنووس، چاپی بەردین و چاپی قورقوشمی پارێزراون. هەروەها ۲۸ کۆکراوەی بەڵگەنامەی دێرینی تایبەت بە کڕین و فرۆشتن و مارەبڕین لە ناوەندەکەدا هەیە، لەگەڵ زیاتر لە ۸۵ خولی گۆڤار و بڵاوکراوەی باوەڕپێکراو و ئەرشیڤی ۵۳ ڕۆژنامە. ئەم کۆکراوەیە لە پاڵ بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆکراوەکان، دەرفەتێکی زێڕین و بەنرخی بۆ لێکۆڵینەوە مێژوویی، ئایینی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەربارەی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری ڕەخساندووە.
نەقشبەندی لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هاوکاریی خاوەن کۆکراوە تایبەتییەکان و بنەماڵە زانستییەکان لە پاراستنی ئەم بەرهەمانەدا ڕایگەیاند: ناوەندی بەڵگەنامە و دەستنووسەکانی زانکۆی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی و یاسایی، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە لەگەڵ خاوەن کۆکراوەکان، نووسەران، بیرمەندان و سەرجەم دڵسۆزانی ئەم خاکە کە خولیای پاراستنی میراتی ئەم نیشتمانە و پێشکەوتنی وڵاتیان هەیە.
