19 09 2026

پەیامی سەرۆکی زانکۆی کوردستان بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٥-١٤٠٦

دکتۆر عادل سی‌وسێ‌مەردە لە پەیامێکدا پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٥-١٤٠٦ی کرد. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

بە ناوی خوداوەندی گیان و ژیری

دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو خوێندکارانی ئازیز، مامۆستایانی بەڕێز، فەرمانبەرانی تێکۆشەر و بنەماڵەی گەورەی زانکۆی کوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی دەکەم.

زانکۆ، ماڵی زانست، بیرکردنەوە و دەرفەتە گەورەکانە بۆ بنیاتنانی داهاتوو، و خوێندکاران گرنگترین سەرمایە و هیوای هەر زانکۆ و کۆمەڵگایەکن. بێگومان، قۆناغی خوێندکاری یەکێکە لە بەنرخترین و کاریگەرترین قۆناغەکانی ژیانی هەر مرۆڤێک؛ قۆناغێک کە دەبێ لە تاك تاکی ساتەکانی بۆ فێربوون، ئەزموونکردن، گەشەسەندن و سازدانی داهاتوو کەڵک وەربگیردرێت.

ئامانجی یەکەمی خوێندکار، بەدەستهێنانی زانست و زانیاری و فراوانکردنی سنوورەکانی داناییە. لەم سۆنگەیەوە، لە ئێوەی خوێندکارانی ئازیز چاوەڕوان دەکرێت بە جیددییەت، کۆڵنەدان و بەرپرسیاریەتییەوە، تەواوی هێز و توانای خۆتان لە ڕێڕەوی فێربوون و زانست‌اندۆزیدا بەکاربهێنن. ڕێگەی زانست و پێشکەوتن هەمیشە ئاسان نییە و سەختی و بەربەستەکان بەشێکی سروشتیی ئەم ڕێگەیەن؛ بەڵام هیچ کام لەم سەختییانە نابێت ببێتە هۆی لاوازبوونی ئیرادە و بێ‌هیوایی ئێوە. لە بەرامبەر سەختییەکاندا کۆڵ مەدەن، لە تێکۆشان مەوەستن و بە هیوا و پشوودرێژییەوە درێژە بە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانتان بدەن.

زانکۆی کوردستانیش خۆی بە بەڵێندار دەزانێت کە بە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی پوویا، زانستی و شایستە، زەمینەی گەشە و پشکووتنی بەهرەکانی ئێوە دابین بکات و لە ڕەوتی گەیشتن بە ئامانجە زانستییەکان و داهاتوویەکی گەشدا، هاوڕێ و پشتیوانتان بێت.

هیوادارم ساڵی خوێندنی لەپێش، بۆ یەکە بە یەکەتان پڕ بێت لە سەرکەوتنی زانستی، ئەزموونی پڕبایەخ، گوڕوتین، هیوا و دەستکەوتی بەردەوام، و بە هەوڵ و ئیرادەی ئێوە، شایەتی درەوشانەوەی زیاتری خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بین لە گۆڕەپانە زانستی و کۆمەڵایەتییەکاندا.

دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٥-١٤٠٦ لە ئێوە خوێندکارانی ئازیز، مامۆستایانی بەڕێز و فەرمانبەرانی هێژا پیرۆزبایی دەکەم و سەربەرزی، سەرکەوتن و داهاتوویەکی ڕوونکارتان بۆ بەئاوات دەخوازم.

دکتۆر عادل سی‌وسێ‌مەردە
سەرۆکی زانکۆی کوردستان