وۆرکشۆپی فێرکاریی "پرۆبلێماتیکی دانیشتوانی ئێران" لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو
وۆرکشۆپی فێرکاریی "پرۆبلێماتیکی دانیشتوانی ئێران؛ دۆخی ئێستا و ئاسۆی داهاتووی دانیشتوان" ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە تەلارى فیردەوسیی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ ئەم وۆرکشۆپە بە وتارخوێندنەوەی دکتۆر سەعید خانی، ئەندامی دەستەی زانستی بەشی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا گرنگترین گۆڕانکارییە دانیشتوانییەکانی وڵات، دۆخی ئێستای دانیشتوانی ئێران و تەحەددییەکانی بەردەم لێکدرایەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا بابەتگەلێکی وەک کەمبوونەوەی ڕێژەی پیتاندن، پیربوونی دانیشتوان، گۆڕانی پێکهاتەی خێزان، لێکەوتە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەکانی گۆڕانکارییە دانیشتوانییەکان و هەروەها ئاسۆی داهاتووی دانیشتوانی وڵات تاوتوێ کران.
ئەم وۆرکشۆپە بە ئامانجی ئاشنابوون بە ڕەهەندە جیاوازەکانی دانیشتوان بەڕێوەچوو، چونکە چەمکی دانیشتوان تەنها نیشاندەرێکی ئاماری نییە و ڕەهەندی بەرفراوانتری وەک پیتاندن، نیشاندەری ڕێژەی لەدایکبوون، ڕێژەی مردن، شێوازەکانی کۆچکردن بۆ ناوەوە و دەرەوە، و ڕەوتی بەساڵاچوون و پیربوونی وڵات دەگرێتەوە کە هەموو ئەمانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و تەنانەت ڕەهەندە تەندروستی و سیاسییەکانی وڵات هەبێت.
