واژۆکردنی یەکەمین گرێبەستی توێژینەوە و پەرەپێدان لە زانکۆی کوردستان بە کەڵک وەرگرتن لە ئیعتیباری باجی
زانکۆی کوردستان و کۆمپانیای "مورغی واوەرک" لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان پیشەسازی و زانکۆ، یەکەمین گرێبەستی توێژینەوە و پەرەپێدان (R&D)ی پارێزگایان بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی یاسای "بازدانی بەرهەمهێنانی زانستبنیاد" واژۆ کرد. ئەم گرێبەستە لە سەر بنەمای بڕگەی (ب)ی ماددەی ١١ی یاسای ناوبراو ڕێکخراوە، کە ڕێگە بە یەکە بەرهەمهێنەرەکان دەدات تێچووەکانی توێژینەوەکانیان لە ڕێگەی ئیعتیباری باجییەوە دابین بکەن.
بابەتی ئەم پڕۆژە توێژینەوەیە بریتییە لە "داڕشتنی تەلارسازی و پەرەپێدانی پلاتفۆرمی زیرەککردنی کێڵگە پەلەوەرییە پیشەسازییەکان بە ڕێبازی داتامەحوەر بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنان و باشترکردنی بەڕێوەبردنی ژینگەیی"، کە لە لایەن پسپۆڕانی زانکۆی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکانە بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی زیرەک لە پیشەسازی پەلەوەردا.
ئیعتیباری باجی بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان، ئامرازێکی کارایە بۆ پاڵپشتی لە داهێنان لە پیشەسازییەکاندا، کە دەرفەتی گەڕانەوەی بەشێک لە تێچووی پڕۆژە توێژینەوەییەکان لە قاڵبی لێخۆشبوون یان ئیعتیباری باجیدا دەڕەخسێنێت. ئەم توانایە یاساییە دەرفەتێکی ناوازە بۆ پیشەسازییەکانی پارێزگای کوردستان پێکدەهێنێت تا بە پشت بەستن بە توانای زانستی زانکۆ، کێشە تەکنیکییەکانیان چارەسەر بکەن و تەکنەلۆژیاکانیان نوێ بکەنەوە.
لەو پێناوەدا، ناوەندی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و پیشەسازی زانکۆی کوردستان ئامادەیی تەواوی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری، دەستنیشانکردنی پێداویستییە تەکنەلۆژییەکان و داڕشتن و جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان بۆ سەرجەم کۆمپانیا و پیشەسازییەکانی پارێزگا، تا بتوانن لە ئیمتیازاتە پاڵپشتییەکانی ئەم یاسایە بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی ناوچەکە سوودمەند بن.
