ناردنی ٩٨٠٠ بەرهەم بۆ سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش/ گەیشتنی ١٦٩ بەرهەم بە قۆناغی کۆتاییی فێستیڤاڵەکە
جێگری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستان هەواڵی میوانداریکردنی ئەم زانکۆیەی لە سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی «ڕوویش» ڕاگەیاند و وتی: بەگشتی ٩٨٠٠ بەرهەم لە زانکۆکانی وڵاتەوە بۆ دەبیرخانەی ئەم دوو خولەی فێستیڤاڵەکە نێردراون کە لە ڕەوتی هەڵسەنگاندن و داوەریکردنی بەرهەمەکاندا، بەگشتی ١٦٩ بەرهەم بۆ فێستیڤاڵەکە سەرکەوتوون.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، دکتۆر مەهدی ساڵحی ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش، بە ئاماژەدان بە ئامانجەکانی بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە ڕایگەیاند: فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش یەکێکە لە سێ فێستیڤاڵە سەرەکییەکانی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا کە بە ئامانجی ناسینەوە و ناساندنی تواناکان و دەستکەوتەکانی ناوەندە (کانونە) فەرهەنگی، هونەری، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆکان، گەشەپێدانی بەهرەی خوێندکاران و ڕەخساندنی زەمینەی کارلێک، هاوهێزی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان ناوەندە فەرهەنگییەکانی زانکۆکانی وڵاتدا بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو سەبارەت بە بەردەنگە سەرەکییەکانی ئەم ڕووداوە فەرهەنگییە وتیشی: ئەندامانی کۆڕی گشتیی ناوەندە فەرهەنگییەکان، ئەندامانی ئەنجومەنە ناوەندییەکانی ناوەندەکان، دەبیرانی ناوەندەکان، دەبیرانی ئەنجومەنەکانی هەماهەنگیی ناوەندەکان و کارناسانی ناوەندە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، هونەری و ئایینییەکانی زانکۆکان، بەردەنگە سەرەکییەکانی ئەم فێستیڤاڵەن.
جێگری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی کە فێستیڤاڵەکە لە دوو بەشی کێبڕکێی ناوەندەکان و کێبڕکێی خوێندکاراندا بەڕێوە دەچێت، ڕوونی کردەوە: بەشی کێبڕکێی ناوەندەکان شەش لق و بەشی کێبڕکێی خوێندکاران حەوت لق و ٢٠ بوار لەخۆ دەگرێت.
ناوبراو لە شیکردنەوەی بەشی کێبڕکێی ناوەندەکاندا ڕایگەیاند: ناوەندی هەڵکەوتە، داهێنانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، فەزای مەجازی و چالاکییە دیجیتاڵییەکان، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، بڵاوکراوەکانی ناوەند، گفتوگۆی خوێندکاری و کورسییەکانی ئازادئەندێشی و شوناسی ئێرانی و ئیسلامی لە تەوەرەکانی ئەم بەشەن.
ساڵحی لە درێژەدا وتی: لە بەشی کێبڕکێی خوێندکارانیشدا لقەکانی ئەدەبی، دەنگئەکتەری و پێشکەشکاری، پیشە دەستییەکان، فیلمسازی، مۆسیقا، هونەرە شێوەکارییەکان و هونەرە شانۆییەکان پێشبینی کراون.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەربڵاویی بوارەکانی کێبڕکێی بەشی خوێندکاری زیادی کرد: لە لقی ئەدەبیدا، بوارگەلێک وەکوو شیعر، گۆرانی (تەرانە)، چیرۆکی کورت، سیناریۆ، شانۆنامە و گەڵاڵەی پۆدکاست؛ لە لقی دەنگئەکتەری و پێشکەشکاریدا، دۆبلاژ، بێژەری و پێشکەشکاری؛ و لە لقی پیشە دەستییەکانیشدا، دەستکردەکانی ڕوویش، نەخشچنراوەکانی ڕوویش و دیزاینی دوورمان و جلوبەرگ لەبەرچاو گیراون.
جێگری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستان وتی: کورتەفیلم، فیلمی دیکۆمێنتاری و نماهەنگ یان کلیپ لە بوارەکانی لقی فیلمسازین. لە لقی مۆسیقاشدا مۆسیقای سوننەتی، مۆسیقای ناوچەکان، ژەنینی مۆسیقای سوننەتی بەشێوەی تاک و گرووپ و گۆرانیوتنی تاک و گرووپ لەبەرچاو گیراوە.
ناوبراو وتیشی: لقی هونەرە شێوەکارییەکان خۆشنووسی، گرافیک، وێنەکێشان و دیزاین، پەیکەرسازی و قەبارەسازی، وێنەگرتن بە کامێرا و وێنەگرتن بە مۆبایل لەخۆ دەگرێت. هەروەها لە لقی هونەرە شانۆییەکاندا، شانۆی سەر تەختە (سەحنە)، سەرشەقام، بووکەڵەیی، نەریتی و سوننەتی لە بوارەکانی کێبڕکێ دەبن.
ساڵحی لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە ڕەهەندە جێبەجێکارییەکانی فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاند: ئەم ڕووداوە لە ٢٣ تاکوو ٢٦ی ئەم مانگە، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ و سێ شەو، بە میوانداریی زانکۆی کوردستان بەڕێوە دەچێت و پێشبینی دەکەین نزیکەی هەزار و ٥٠٠ میوان تێیدا ئامادە بن کە نزیکەی ٤٥٠ کەسیان خوێندکار و کۆمەڵێکیشیان لە بەرپرسانی فەرهەنگیی زانکۆکان و ناوەندی وەزارەتی زانست دەبن.
بەشداریی ١١٣ زانکۆی وڵات لە فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش بە میوانداریی زانکۆی کوردستان
لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، دەبیری سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش هەواڵی بەشداریی ١١٣ زانکۆی وڵاتی لە سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویشدا ڕاگەیاند و وتی: ئەم ڕووداوە دەرفەتێکە بۆ ناساندنی دەستکەوت، داهێنان و نوێکارییە فەرهەنگییەکانی خوێندکاران و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان زانکۆکانی وڵاتدا.
دکتۆر سەید جەواد حوسێنی سەدر بە ئاماژەدان بە پێشینەی چالاکیی ناوەندە فەرهەنگییەکان لە زانکۆکانی وڵاتدا ڕایگەیاند: چالاکیی ئەم ناوەندانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٧٧ و لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار و ٢٠٠ ناوەندی فەرهەنگیی چالاک لە زانکۆ دەوڵەتییەکان و زیاتر لە ٩ هەزار ناوەند لە کۆی گشتیی زانکۆکانی وڵاتدا چالاکی دەکەن.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بارستایی ناوەندە فەرهەنگییەکان لە ناسینەوە و پەروەردەکردنی بەهرەی خوێندکاراندا وتیشی: بە سەرنجدان بە بەربڵاویی چالاکیی ئەم ناوەندانە، بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵێک بۆ ڕەخساندنی کەشی کێبڕکێ، ناساندن و ڕێزگرتن لە داهێنان، نوێکاری و چالاکییەکانی خوێندکاران پێویستە؛ هەر بۆیە وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا هەموو ساڵێک فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش بەڕێوە دەبات.
دەبیری سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش بە ئاماژەدان بە میوانداریکردنی ئەم زانکۆیە لە هەردوو خولی سێزدەیەم و چواردەیەمی فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش ڕایگەیاند: بەهۆی بارودۆخی زاڵ بەسەر وڵاتدا لە ساڵی ڕابردوو و نەڕەخسانی دەرفەتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بەشێوەی ئامادەبوون و بەشداریی ڕاستەوخۆی خوێندکاران، بەرنامەکان بەشێوەی سەرهێڵ (مەجازی) بەڕێوە چوون و ئەمساڵ زانکۆی کوردستان میوانداری هەردوو خولی سێزدەیەم و چواردەیەمی فێستیڤاڵی ڕوویشە.
حوسێنی سەدر بە ئاماژەدان بەوەی کە ١١٣ زانکۆ لە سەرتاسەری وڵاتەوە لەم ڕووداوەدا بەشدارن، ڕوونی کردەوە: پێشبینی دەکرێت کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی زانست، لەوانە وەزیری زانست، جێگرانی فەرهەنگی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کاروباری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و پشتیوانیی وەزارەتیش لەم ڕووداوەدا ئامادە بن.
ناوبراو ئامانج لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکەی بە واوەتر لە کێبڕکێ و ناساندنی بەرهەمە خوێندکارییەکان زانی و وتی: ئەم ڕووداوە دەرفەتێکی بەنرخ بۆ کارلێکی فەرهەنگی، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و خستنەڕووی نموونە سەرکەوتووەکانی چالاکییە فەرهەنگییەکان لەنێوان زانکۆکانی وڵاتدا دەڕەخسێنێت و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەوپێشبردنی چالاکیی ناوەندە فەرهەنگییەکان و بەهێزکردنی کەشی فەرهەنگیی زانکۆکان.
