یاریدەدەری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستان:
فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش" بەستێنێکە بۆ گەشەکردنی بەهرەکانی خوێندکاران / ناردنی زیاتر لە ٩٠٠٠ بەرهەم بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵەکە
یاریدەدەری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستان هەواڵی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش"ی بە میوانداریی زانکۆی کوردستان ڕاگەیاند و وتی: فێستیڤاڵی "ڕوویش" دەرفەتێکە بۆ ناسینەوە و گەشەپێدانی بەهرەکانی خوێندکاران و ناساندنی توانستە فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبییەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ مەهدی ساڵحی بە ئاماژەدان بەوەی کە خولی سێزدەیەم و چواردەیەمی فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش" لە مانگی خەزەڵوەری (ئابان) ئەمساڵدا بە میوانداریی زانکۆی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاند: بەگشتی ٩ هەزار و ٨٠٠ بەرهەم بۆ نووسینگەی ئەم دوو خولەی فێستیڤاڵەکە نێردراوە کە بەرهەمە نێردراوەکان دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی ناوبژیوانی، هەڵدەسەنگێندرێن و هەڵدەبژێردرێن و بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان دەگەنە فێستیڤاڵەکە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش" یەکێکە لە ڕووداوە سەرەکییەکانی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە بواری فەرهەنگیی زانکۆکاندا، وتیشی: ئەم فێستیڤاڵە بە ئامانجی ناسینەوە و ناساندنی توانست و دەستکەوتەکانی ناوەندە (کانوونە) فەرهەنگی، هونەری، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆکانی سەرتاسەری وڵات بەڕێوە دەچێت.
ساڵحی بەهێزکردنی داهێنان و گەشەپێدانی بەهرەکانی خوێندکارانی لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم ڕووداوە ئەژمار کرد و وتی: ڕەخساندنی بەستێنی کارلێک، هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان ناوەندە فەرهەنگییەکانی زانکۆکانی وڵات لە ئامانجەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش"ە.
یاریدەدەری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە کۆمەڵگەی ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە ڕایگەیاند: ئەندامانی کۆڕی گشتیی ناوەندە فەرهەنگییەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندیی کانوون، سکرتێری ناوەندەکان و سکرتێری ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی ناوەندەکان و کارناسانی ناوەندە فەرهەنگی، هونەری، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان لە بەردەنگە سەرەکییەکانی ئەم ڕووداوەن.
ساڵحی لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە لە دوو بەشی کێبڕکێی ناوەندەکان و خوێندکاران ڕایگەیاند: بەشی کێبڕکێی ناوەندەکان لە ٦ لق و بەشی کێبڕکێی خوێندکاران لە ٧ لق و ٢٠ بواری فەرهەنگی و هونەریدا بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەشی کێبڕکێی ناوەندەکان ڕایگەیاند: لە بەشی ناوەندەکاندا، چالاکی و دەستکەوتەکانی ناوەندە فەرهەنگییەکانی زانکۆکان لە تەوەرگەلێکی وەک ناوەندی هەڵکەوتوو، داهێنانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، فەزای مەجازی و چالاکییە دیجیتاڵییەکان، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، بڵاوکراوەی ناوەندەکان، وتووێژی خوێندکاری و کورسییەکانی ئازادبیری، ناسنامەی ئێرانی و ئیسلامی و زانکۆی هەڵکەوتوو هەڵدەسەنگێندرێن.
ساڵحی وتیشی: بەشی کێبڕکێی خوێندکارانیش لە حەوت لقی ئەدەبی، دۆبلاژ و پێشکەشکاری، پیشە دەستییەکان، فیلمسازی، مۆسیقا، هونەرە شێوەکارییەکان و هونەرە نمایشییەکاندا بەڕێوە دەچێت و بەرهەمی خوێندکاران لە بوارە جۆراوجۆرە فەرهەنگی و هونەرییەکاندا هەڵدەسەنگێندرێت.
ناوبراو لە شیكردنەوەی وردەکاریی لقەکانی بەشی خوێندکاراندا وتی: لە لقی ئەدەبیدا، شیعر، گۆرانی (تەرانە)، کورتەچیرۆک، سیناریۆ، شانۆنامە و گەڵاڵەی پۆدکاست؛ لە لقی دۆبلاژ و پێشکەشکاریدا، بەرهەمەکانی پەیوەندیدار بە دۆبلاژ، بێژەری و پێشکەشکاری؛ و لە لقی پیشە دەستییەکاندا، دەستکردەکانی ڕوویش، نەخشەچنراوەکانی ڕوویش و دیزاینی دوورمان و جلوبەرگ تاوتوێ دەکرێن.
یاریدەدەری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستان بەردەوام بوو و وتی: کورتەفیلم، فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری) و ڤیدیۆکلیپ لە تەوەرەکانی لقی فیلمسازین. لە لقی مۆسیقاشدا مۆسیقای ڕەسەن و ناوچەیی، ژەندنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی مۆسیقای ڕەسەن و گۆرانیوتنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ هەڵدەسەنگێندرێن.
ساڵحی سەبارەت بە لقەکانی دیکەی بەشی خوێندکاران ڕایگەیاند: هونەرە شێوەکارییەکان بریتین لە خۆشنووسی، گرافیک، نیگارکێشی و وێنەکێشی، پەیکەرسازی و قەبارە، وێنەگرتن بە کامێرا و وێنەگرتن بە مۆبایل. هەروەها بەرهەم و نمایشەکانی خوێندکاران لە بوارەکانی شانۆی سەر تەختە، سەرشەقام، بووکەڵە، نەریتی و فۆلکلۆر لە بەشی هونەرە نمایشییەکاندا تاوتوێ دەکرێن.
