سیستەمی زیرەکی چاودێریی بەشەناوخۆییەکانی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان کەوتە کار
سیستەمی زیرەکی ڕاپۆرتی ڕۆژانەی بەشەناوخۆییەکانی کچان و کوڕانی زانکۆی کوردستان بە ئامانجی ئاسانکاری لە پرۆسەی ڕاپۆرتدان، دەستڕاگەیشتنی خێرا بە زانیارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێری بەسەر دۆخی بەشەناوخۆییەکاندا کەوتە کار.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای وێب داڕێژراوە و دەرفەتی تۆمارکردن و دەستڕاگەیشتنی یەکگرتوو بە ڕاپۆرتە ڕۆژانەکانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی کوردستان دەڕەخسێنێت.
کەمکردنەوەی هەڵە لە تۆمارکردنی زانیارییەکان، پاشەکەوتکردنی کات و ئاسانکاری لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و چاودێریکردن لە گرنگترین تایبەتمەندی و سوودەکانی ئەم سیستەمەن.
سەججاد بەستامی، پسپۆڕی تەکنەلۆجیای زانیاریی حەراسەتی زانکۆی کوردستان سەبارەت بەم سیستەمە ڕایگەیاند: بە کارپێکردنی ئەم سیستەمە، بەڕێوەبەرانی بەشەناوخۆییەکان ئەرکدار دەبن لە پاش تەواوبوونی هەر دەوامێکی کاری، ڕاپۆرتی دۆخی بەشەناوخۆیی لە سیستەمەکەدا تۆمار بکەن.
ناوبراو زیادی کرد: ئەم ڕاپۆرتانە ڕۆژانە و لەسەر تۆڕی وێب تۆمار دەکرێن و بەرپرسانی پەیوەندیدار دەتوانن بە شێوەیەکی خێرا و چڕوپڕ زانیارییە پێویستەکان ببینن و تاوتوێیان بکەن.
بەستامی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم سیستەمە بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی وڵاتدا لە زانکۆی کوردستان دەخرێتە گەڕ، ڕایگەیاند: خستنەکاری ئەم سیستەمە هەنگاوێکی کاریگەرە بەرەو زیرەککردنی پرۆسەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری لەسەر بەشەناوخۆییەکانی خوێندکاران.
پسپۆڕی تەکنەلۆجیای زانیاریی حەراسەتی زانکۆی کوردستان بە دەربڕینی ئەوەی کە سیستەمی ئێستا لە وەشانی یەکەمدایە، ڕوونی کردەوە: لە قۆناغەکانی دواتردا، پەرەپێدانی ئیمکانات و تەواوکردنی توانستەکانی سیستەم لە بەرنامەی کاردایە بۆ ئەوەی پرۆسەی تۆمارکردن، چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی بەشەناوخۆییەکان بە ئاسانی و بە وردبینییەکی زیاترەوە ئەنجام بدرێت.
شایانی باسە، ئەم سیستەمە بە هاوکاریی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاریی زانکۆی کوردستان و بە بەشداریی ئەندازیار ڕەزا ئەسفەهانی بەڕێوەبەری تەکنەلۆجیای زانیاریی زانکۆ و ئەندازیار سەید وریا حسێنی، داڕێژراوە و کەوتووەتە کار.
