18 11 2026

سێیەمین خولی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی توێژینەوە زانکۆییەکان؛

زانکۆی کوردستان لە پلەی ٦٠١ تا ٨٠٠ی ڕیزبەندیی زانستە نێوانبەشییەکانی تایمزی ٢٠٢٧دا جێگیر بوو

لە سێیەمین خولی ڕیزبەندیی زانستە نێوانبەشییەکانی ٢٠٢٧ی دامەزراوەی تایمزدا کە بە هاوکاریی دامەزراوەی زانستیی شمیت بڵاو کرایەوە، زانکۆی کوردستان لە مەودای ٦٠١ تا ٨٠٠ی جیهاندا جێی گرت. ئەم سیستەمە، یەکەمین هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی تایبەتە لەم بوارەدا.

ئامادەبوونی زانکۆی کوردستان لەم خشتە نێودەوڵەتییەدا، بە واتای بەدەستهێنانی مەرجەکانی چوونەناوەوە و جێگیربوونە لەنێو کۆمەڵەی ئەو دامەزراوانەی کە لە ئاستی جیهانیدا و بە پێوەری یەکسان هەڵسەنگێندراون. بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆی کوردستان، بەدەستهێنانی ئەم پێگەیە بە بەرهەمی ناردنی ورد و بەڵگەمەندی داتاکان، هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی دەستەی زانستی، توێژەران، خوێندکاران و فەرمانبەران و گرنگیدانی دامەزراوەیی بە ڕوانگە زانستییە هاوئاراستەکان دەزانێت.

مەرجی چوونە ناو ئەم ڕیزبەندییە، بڵاوکردنەوەی لانیکەم ١٠٠ بەرهەمی نێوانبەشی لە ماوەیەکی پێنج ساڵەدا و هەبوونی لانیکەم ٥٠ ئەندامی زانستی و توێژینەوەییە لە بوارە زانستییەکاندا. لە خشتەی کۆتاییی ئەم سیستەمەدا، تەنیا ٢٠٠ زانکۆی یەکەم پلەی ژمارەییی ورد وەردەگرن و دامەزراوە شیاوەکانی دیکە لە مەودای جیاوازدا پۆلێن دەکرێن.

ڕیزبەندیی زانستە نێوانبەشییەکانی دامەزراوەی تایمز (Times Higher Education) بە شێوەیەکی تایبەت پشک و پابەندیی دامەزراوەییی زانکۆکان لە توێژینەوە نێوانبەشییەکاندا دەپێوێت. بنەمای تیۆریی ئەم هەڵسەنگاندنە ئەوەیە کە وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییە ئاڵۆزە جیهانییەکان، پێویستی بە تێکەڵکردنی زانیاری، نەریتە زانستییەکان و شێوازەکانی چەند بوارێک هەیە؛ هەر بۆیە بازنەکەی سەرەڕای تێکەڵکردنی لقە زانستییەکان لەگەڵ یەکتری، پەیوەندیی زانستەکان لەگەڵ زانستە کۆمەڵایەتییەکان، فێرکاری، دەروونناسی، یاسا، ئابووری و بواری کلینیکی و تەندروستیش لەخۆ دەگرێت.

میتۆدۆلۆژیای ئەم ڕیزبەندییە لەسەر ١١ پێوەر لە سێ کۆڵەکەی سەرەکیدا دامەزراوە کە هەر کۆڵەکەیەک، قۆناغێک لە سووڕی ژیانی پڕۆژە توێژینەوەییەکان نوێنەرایەتی دەکات. کۆڵەکەی «تێخراوەکان» بە کێشی لەسەدا ١٩، پشکی داهاتی توێژینەوەییی تەرخانکراو بۆ زانستە نێوانبەشییەکان و ڕێژەی دابینکردنی داراییی پیشەسازی بۆ هەر ئەندامێکی زانستی و توێژینەوەیی دەپێوێت. کۆڵەکەی «پرۆسە» بە کێشی لەسەدا ١٦ش بەڵگە دۆکیۆمێنتکراو و بەردەستەکان بۆ گشتیی خەڵک سەبارەت بە پێوەرەکانی پێوانی سەرکەوتنی نێوانبەشی، ژێرخانە فیزیکییەکان، پاڵپشتیی کارگێڕی و سیستەمی بەرزکردنەوەی پلە و جێگیرکردنی پیشەییی ئەندامانی دەستەی زانستی هەڵدەسەنگێنێت.

کۆڵەکەی «دەرهاویشتەکان» کە بە پشکی لەسەدا ٦٥ زۆرترین کێشی لە هەڵسەنگاندنی کۆتاییدا هەیە، دەپەرژێتە سەر تاوتوێکردنی ژمارە و پشکی بڵاوکراوە نێوانبەشییەکان، بەکارهێنان و کاریگەریی ئاماژەپێدانیان سەرووتر لە لقی سەرچاوە، کوالێتیی توێژینەوە و ناوبانگی زانستیی زانکۆ لە ڕاپرسیی نێودەوڵەتیی توێژەراندا.

سەرچاوەکانی داتای ئەم ڕیزبەندییە سێ بەش لەخۆ دەگرن: زانیارییە دامەزراوەییە نێردراوەکان لەلایەن زانکۆکانەوە لە ڕێگەی سیستەمی فەرمیی تایمزەوە (دوای پشتڕاستکردنەوەی دروستییان)، داتاکانی کتێبپێوی پشتبەستوو بە بنکەی داتای سکۆپوس (Elsevier) و ئەنجامەکانی ڕاپرسی لە توێژەرانی چالاک. ئەنجامە تەواوەکانی ڕیزبەندیی زانستە نێوانبەشییەکانی تایمزی ٢٠٢٧ و وردەکارییەکانی میتۆدۆلۆژیاکەی لە ماڵپەڕی فەرمیی دامەزراوەی تایمزدا لەم ناونیشانانەی خوارەوەدا بەردەستن: