11 10 2026

جێگری توێژینەوەی وەزارەتی زانست، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا:

زانکۆی کوردستان زانکۆیەکی گەشەسەندوو و لەپێشکەوتندایە لە ئاستی وڵاتدا

جێگری توێژینەوەی وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە زانکۆی کوردستان لە ساڵانی دواییدا بە پێچەوانەی ڕەوتی داڕمانی توێژینەوە لە زانکۆکانی وڵاتدا ڕێڕەوی گەشەسەندنی بڕیوە، گوتی: «زانکۆی کوردستان زانکۆیەکی ڕوو لە گەشەیە لە وڵاتدا و پێویستە ئەم ڕەوتە بەردەوامیی هەبێت.»

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ سەید مەهدی ئەبتەحی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥ لە گەشتەکەیدا بۆ پارێزگای کوردستان و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە مامۆستایان و جێگرەکانی لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەم زانکۆیەدا بەڕێوەچوو، بە ئاماژەدان بە دابەزینی ٢.٧ لەسەدیی وتارە زانستییەکانی وڵات لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ەوە، کەمیی سەرچاوە داراییەکان بەپێی پێداویستییە توێژینەوەییەکان و لاوازیی پاڵپشتییەکانی وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەوتە ناوبرد.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە تا ئێستا هیچ دابەزینێک لە کوالێتیی وتارە زانستییەکانی وڵاتدا بەدی نەکراوە، زیاتی کرد: «سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی وتارەکان، توانراوە تا ڕادەیەک کوالێتیی بەرهەمە زانستییەکان بپارێزرێت.»

ئەبتەحی بە ئاماژەدان بە ڕەوتی توێژینەوەیی زانکۆی کوردستان گوتی: «ئەم زانکۆیە لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا، هاوکات لەگەڵ دابەزینی ڕەوتی توێژینەوە لە زانکۆکانی وڵاتدا، ڕێڕەوێکی ڕوو لە گەشەی تێپەڕاندووە؛ بابەتێک کە دەریدەخات زانکۆی کوردستان ڕەوتی پێشکەوتنی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ڕەوتی گشتیی توێژینەوە لە وڵاتدا بەدواداچووە.»

جێگری توێژینەوەی وەزیری زانست بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە وڵات ڕووبەڕووی کەمیی توێژەر نەبووەتەوە، ڕوونی کردەوە: «کێشەی سەرەکی نەبوونی توێژەر نییە، بەڵکوو نەبوونی سەرچاوەی دارایی گونجاو لەگەڵ پێداویستییە توێژینەوەییەکان و نەبوونی پاڵپشتیی پێویست لە چالاکییە لێکۆڵینەوەییەکانە کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ڕەوتی بەرهەمهێنانی وتارە زانستییەکانی وڵات داناوە.»

ناوبراو هەروەها بە سەرنجدان بە پرسی کۆچی توێژەران ڕایگەیاند: «بەپێی ئامارە پێشکەشکراوەکان، ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٦دا نزیکەی ٢٠ هەزار توێژەری لەدەست داوە کە ٢٠ لەسەدی ئەم ڕێژەیە لە مامۆستایانی زانکۆکان پێک هاتوون.»

ئەبتەحی لە درێژەدا بە پێداگری لەسەر پێویستیی پتەوکردنی پێکهاتە زانستییەکانی زانکۆکان گوتی: «دامەزراوە زانستییەکان دەبێت پشتیوانی ئەندامانی دەستەی زانستی و بلیمەتە زانکۆییەکان بن، و نابێت پاڵپشتیکردنی توێژەران و تەرخانکردنی گرانتەکانی توێژینەوە لە ڕێڕەوە زانستییەکان و چوارچێوەی پێکهاتە زانکۆییەکان بچێتە دەرەوە.»

ناوبراو زیاتی کرد: «ئەگەر ئەندامانی دەستەی زانستی لە دامەزراوە زانستییەکان بچنە دەرەوە، ئەم پێکهاتانە لاواز دەبن؛ کەواتە پێویستە زیاتر لە ڕابردوو گرنگی بە پتەوکردنی پێکهاتە زانستییەکان بدەین.»

جێگری توێژینەوەی وەزارەتی زانست، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا بە پێداگری لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی توانستە زانستییەکان و دیپلۆماسیی زانستی ڕایگەیاند: «نەبوونی هێزی پسپۆڕ و کۆچی بلیمەتان و توێژەران بە واتای لەناوچوونی ئامێرەکان و سەرمایە مرۆییەکانە، هەروەها بێهەڵوێستی لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیی زانستیدا بە واتای لەدەستدانی دەرفەتەکانە؛ بۆیە دەبێت لەم بوارەدا ڕوانگەیەکی چالاکانەمان هەبێت.»