09 09 2026

خەڵاتی "مەستوورە" بە ڕوانگەیەکی گشتگیرەوە لە پێناو ناسینەوەی ژنانی کاریگەری کورد بەڕێوە دەچێت

سەرۆکی پەیمانگەی کوردستان‌ناسی لە زانکۆی کوردستان هەواڵی بەڕێوەچوونی ڕووداوی خەڵاتی نێودەوڵەتیی "مەستوورە"ی بە ئامانجی ناسینەوە، ناساندن و ڕێزلێنان لە ژنانی کاریگەری کۆمەڵگەی کورد لە بوارە جیاوازەکاندا ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، د. یادگار کەریمی ڕۆژی چوارشەممە ۱٨ی خەرمانانی ۱٤۰۵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی یەکەمین خولی خەڵاتی نێودەوڵەتیی مەستوورە کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، بە ڕوونکردنەوەی ئامانج و ڕوانگەکانی ئەم ڕووداوە ڕایگەیاند: خەڵاتی مەستوورە بە ڕوانگەیەکی گشتگیرەوە داڕێژراوە و سەرجەم ژنانی کاریگەری کۆمەڵگەی کورد لە توێژەران و چالاکوانانی گۆڕەپانی زانست و زانیارییەوە تا ئەو ژنانەی لە گوندە دوورەدەستەکاندا سەرچاوەی کاریگەریین دەگرێتەوە.

ناوبراو زیادی کرد: پەیڕەونامەی خەڵاتی "مەستوورە" بە شێوازێک داڕێژراوە کە ژنانی کاریگەر، بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی جوگرافی، کۆمەڵایەتی و مکسبی، دەرفەتی دەرکەوتن و ڕێزلێنانیان هەبێت و هەوڵ دراوە پانتایی ئەم خەڵاتە سنووردار بە گرووپ یاخود بوارێکی تایبەت نەبێت.

کەریمی بەردەوام بوو: ژنان لە بوارە جیاوازەکانی زانستی، کلتووری، کۆمەڵایەتی و ناوچەییدا ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن و ئامانجی ئێمە ناساندنی ئەم توانایی و دەستکەوتانە و ڕەخساندنی زەمینەیەکە بۆ ناساندنیان وەک نموونەی ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو.

سەرۆکی پەیمانگەی کوردستان‌ناسی لە زانکۆی کوردستان یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم ڕووداوەی بە بەهێزکردنی توێژینەوە زانستییەکان لە بواری ژناندا ناو برد و گوتی: هیوادارین بەڕێوەچوونی خەڵاتی "مەستوورە" زەمینەی دامەزراندنی بەشی توێژینەوەکانی ژنان لە پەیمانگەی کوردستان‌ناسی لە زانکۆی کوردستان ڕەخسێنێت و بپەرژێینە سەر ئەوەی توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە ژنان بە شێوازێکی پسپۆڕانە، ڕێکخراو و بەردەوام پەیڕەو بکەین.

ناوبراو هەروەها داوای لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییە کلتوورییەکان کرد کە لە ناسینەوە و ناساندنی ژنانی کاریگەری کورد بەشدار بن و زیادی کرد: ژنێکی زۆر لە کۆمەڵگەدا چالاکی بەنرخیان هەیە کە ڕەنگە کەمتر دیدرابن و ناسرابن؛ لەم ڕووەوە، هاوڕێیەتی ڕاگەیاندنەکان، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و کلتووری دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە ناسینەوە و ناساندنی ئەم تواناییانەدا بگێڕێت.

کەریمی بە ئاماژەدان بە ڕوانگەی گشتگیری خەڵاتی "مەستوورە" ئاماژەی بەوەش دا: ئەم خەڵاتە شەپۆلێکی بەربڵاو لە ژنان دەگرێتەوە؛ لە نووسەر و توێژەرێکەوە تا ژنێک کە لە گوندێکی دوورەدەستدا بۆ کۆمەڵگەی خۆی چالاکییەکی کاریگەر ئەنجام دەدات، لەسەر ئەم بنەمایەش پێشوازی لە هەر جۆرە ڕەخنە، پێشنیار و ڕوانگەیەکی کارناسانە بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی و کاریگەری ئەم ڕووداوە دەکەین.

ناوبراو هیوای خواست کە خەڵاتی "مەستوورە" بتوانێت ببێتە بسترێکی پایەدار بۆ ناسینەوە، ناساندن و ڕێزلێنان لە ژنانی کاریگەر.

شایانی باسە، عادڵ سی‌وسێ‌مەردە وەک سەرۆکی بەڕێوەبردنی ئەم ڕووداوە (ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەتدارێژەری)، بەهمەن بەهرام‌نژاد جێگری سەرۆک (ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەتدارێژەری)، یادگار کەریمی سکرتێری خەڵات (ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەتدارێژەری)، بەیان کەریمی سکرتێری یەکەمی زانستی (ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەتدارێژەری)، بەیان عەزیزی سکرتێری یەکەمی جێبەجێکاری (ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەتدارێژەری)، سروە منبەری سکرتێری دووهەمی زانستی و شادی حەسەن‌زادە سکرتێری دووهەمی جێبەجێکاری خەڵاتی "مەستوورە" هەڵبژێردراون.

هەروەها ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی سیاسەتدارێژەریی خەڵات بریتیین لە: شەهلا حسێنی، عاتفە ئه‌حمەدی، سیمین چایچی، کلثوم عوسمانپوور، جەمال ئەحمەدی ئایین.