لە سەروبەندی ڕۆژی مێژوویی ١٣ی خەزەڵوەردا بەڕێوەچوو؛
خوێندنەوەی پاشکۆلۆنیالیزم بۆ ١٣ی خەزەڵوەر لە زانکۆی کوردستان/ کاتێک سەربەخۆیی لە دروشمەوە بوو بە کردار
هاوکات لەگەڵ هاتنی ١٣ی خەزەڵوەر، ڕۆژی نەتەوەیی بەرەنگاربوونەوەی ئیستکباری جیهانی و ساڵڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی هێلانەی سیخوڕیی ئەمریکا، دانیشتنێکی زانستی بە ناونیشانی "خوێندنەوەی پاشکۆلۆنیالیزم بۆ ١٣ی خەزەڵوەر" بە ئامانجی تاوتوێکردنی ڕەهەندە کۆمەڵناسییەکانی ئەم ڕووداوە مێژووییە و ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیالیزم (ئیستیعمار)، ئیمپریالیزم و سەربەخۆیی بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ ئەم دانیشتنە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە وتاربێژیی دکتۆر فواد حەبیبی، ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو و لەم دانیشتنەدا بە سوودوەرگرتن لە دیدگای بیرمەندانێکی وەک "ئێدوارد سەعید" و "فرانتس فانۆن"، شیکردنەوە بۆ پەیوەندییە کۆلۆنیالیستییەکان، بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی و چەمکی وەرگرتنەوەی بڕیاردەری (بکەرایەتی) کرا و ١٣ی خەزەڵوەر لە ڕوانگەی تێپەڕین لە سەربەخۆیی ڕواڵەتییەوە بەرەو سەربەخۆیی ڕاستەقینە و کرداری خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
١٣ی خەزەڵوەر، خاڵی تێپەڕین بوو لە سەربەخۆیی ڕواڵەتییەوە بۆ سەربەخۆیی ڕاستەقینە
فواد حەبیبی بە ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم، ١٣ی خەزەڵوەری لە ڕوانگەی تێپەڕین لە سەربەخۆیی ڕواڵەتی و یاساییەوە بەرەو سەربەخۆیی ڕاستەقینە و وەرگرتنەوەی بکەرایەتی شیکردەوە.
حەبیبی لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە پێویستیی خوێندنەوەیەکی نوێی تیۆری بۆ چەمکی کۆلۆنیالیزم ڕایگەیاند: کۆلۆنیالیزم نابێت تەنها بە واتای داگیرکردنی خاک، زاڵبوونی سیاسی و دەرهێنانی سەرچاوە ئابوورییەکان تێبگەین، بەڵکوو دەبێت لە پەیوەندیدا لەگەڵ چەمکی ئیمپریالیزم و وەک لۆژیک و میکانیزمێکی جیهانی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆلۆنیالیزم کردارێکە و ئیمپریالیزم لۆژیکی ئەو کردارەیە، زیادی کرد: کۆلۆنیالیزم چەمکێکی مێژوویی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی چەمکێک دەبینەوە کە بەردەوامی و درێژبوونەوەی هەیە و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و دەتوانرێت وەک جۆرێک لە کۆلۆنیالیزمی هەمیشەیی باسی لێوە بکرێت؛ هێزێک کە هاوشێوەی فاشیزمی هەمیشەیی، دەتوانێت لە دۆخە جیاوازەکاندا و لە قاڵب و شێوەی جۆراوجۆردا دەربکەوێت و خۆی بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵام لۆژیکەکەی هەروا نەگۆڕە.
ئەم ئەندامەی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی کۆلۆنیالیزمی نوێ دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی کۆلۆنیالیزمی کلاسیک وتی: زۆرێک لە وڵاتان دوای جەنگی جیهانیی دووەم گەیشتنە سەربەخۆیی فەرمی و یاسایی، بەڵام ئەم سەربەخۆییە بە ناچاری بە واتای کۆتاییهاتنی پەیوەندییە کۆلۆنیالیستییەکان نەبوو، لە کۆلۆنیالیزمی نوێدا، وڵاتان بە ڕواڵەت سەربەخۆن، بەڵام لە ڕێگەی میکانیزمە ئابووری و سیاسییەکانەوە هێشتا لە پەیوەندییە نایەکسانە جیهانییەکاندا جێگیر دەبن.
حەبیبی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کۆلۆنیالیزم نابێت تەنها لە قاڵبی دژایەتیی ئەخلاقیی دەوڵەتە باش و خراپەکاندا شی بکرێتەوە، ڕوونی کردەوە: کاتێک ئێمە باس لە لۆژیکێکی جیهانی دەکەین بە ناوی لۆژیکی ئیمپریالیستی، ڕووبەڕووی پەیوەندیی نایەکسانی ناوەند و پەراوێز دەبینەوە، لەم پەیوەندییەدا، ناوەند لە پێگەی باڵادەست و پەراوێز لە پێگەی ژێردەستدا دادەنرێت و زۆر گرنگ نییە کام دەوڵەت یان حیزب لە دەسەڵاتدایە؛ لۆژیک و پەیوەندییەکە هەروا کار دەکات.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە تیۆریی ڕۆژهەڵاتناسیی ئێدوارد سەعید، یەکێک لە میکانیزمە گرنگەکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆلۆنیالیزمی بە بەرهەمهێنانی سیستەمێک لە زانیاری و مەعریفە سەبارەت بە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان زانی و ڕایگەیاند: لەم سیستەمەدا، ڕۆژهەڵات وەک بوونێکی ناعەقڵانی، نەریتی، دواکەوتوو و وەستاو وێنا دەکرێت و لە بەرامبەردا، ڕۆژئاوا لە پێگەی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، عەقڵانی و پێشکەوتوودا دادەنرێت.
ئەو هەروەها وتی: لە ڕۆژهەڵاتناسیدا، مێژوو لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان دەسەندرێتەوە و دواکەوتوویی وەک تایبەتمەندییەکی زاتی دەدرێتە پاڵیان؛ لە کاتێکدا ئەم وێناکردنە، خۆی بەشێکە لە میکانیزمی دەسەڵات و زەمینەسازە بۆ دەستێوەردان و بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە کۆلۆنیالیستییەکان.
ئەم مامۆستایەی زانکۆ بە ئاماژەدان بە دیدگاکانی فرانتس فانۆن سەبارەت بە کاریگەریی کۆلۆنیالیزم لەسەر زەین و دەروونی کۆمەڵگە کۆلۆنیالکراوەکان وتی: پرسی کۆلۆنیالیزم تەنها داگیرکردنی خاک و دەرهێنانی سەرچاوەکان نییە، بەڵکوو کۆلۆنیالیزم کاریگەری لەسەر جەستە، دەروون، حەز و تەنانەت خۆتێگەیشتنی مرۆڤەکانیش دادەنێت کە یەکێک لە دەرەنجامەکانی، دروستبوونی هەستی خۆبەکەمزانین و سووکایەتییە لە نێوان کۆمەڵگە کۆلۆنیالکراوەکاندا؛ دۆخێک کە تەنانەت دوای سەربەخۆیی فەرمیش دەتوانێت بەردەوام بێت.
حەبیبی بە ئاماژەدان بەوەی کە بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوی ١٣ی خەزەڵوەر دەبێت گرنگی بە پرسی وەرگرتنەوەی بکەرایەتی بدرێت، ڕایگەیاند: ئێمە لە ١٣ی خەزەڵوەردا ڕووبەڕووی هێزێکی دامەزرێنەر دەبینەوە؛ واتە هێزێک لە خوارەوە کە خوێندکارانی پەیڕەوی ڕێبازی ئیمامن و لەم دۆخەدا دەستێوەردان دەکەن.
ناوبراو بەردەوام بوو و وتی: ئەوەی بە شێوەی ڕواڵەتی و یاسایی ڕوویداوە و سەربەخۆیی بەدەست هاتووە، لە ئاڕاستەی شتێکدا کار دەکات کە کەسێکی وەک فانۆن پێی دەڵێت وەرگرتنەوەی بکەرایەتی؛ ئەوەی کە تۆ دووبارە لە پێگەی سوبژێکت (بکەر)، نەک تەنها بە شێوەی ڕواڵەتی، مافی و یاسایی، بەڵکوو وەک سوبژێکتێک کە خۆی دەست دەداتە کردار، لە دۆخەکەدا دەستێوەردان بکەیت.
ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە گرنگیی ئەم ڕووداوە لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی پاشکۆلۆنیالیزمەوە زیادی کرد: ١٣ی خەزەڵوەر دەتوانرێت بە هەوڵێک بۆ دەرچوون لە پێگەی "ئەویتر" و بوون بە ناوەندی بەرهەمهێنانی مەعریفە و گێڕانەوە دابنرێت؛ هەوڵێک بۆ ئەوەی ژێردەستەکان بتوانن قسە بکەن و لە پێگەی ئۆبژێکتی (بابەتی) وێناکردنی ئەوانی دیکە بێنە دەرەوە.
حەبیبی لە کۆبەندی قسەکانیدا جەختی کردەوە:
گرنگترین خاڵێک کە لە خەزەڵوەردا لەم پێناوەدا ڕوودەدات، ئەوەیە کە نزیکەی بۆ یەکەمجار سەربەخۆیی ڕواڵەتی و فۆرماڵ بەرەو سەربەخۆیی ڕاستەقینە، کرداری و بەرجەستە دەچێت و ئەمە ئەو ساتەیە کە ١٣ی خەزەڵوەر دەکاتە خاوەن گرنگی بۆ بیرکردنەوە و تێڕامانی دووبارە.
