11 10 2026

خستنەڕووی پرس و پێداویستییە توێژینەوەییەکانی زانکۆی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جێگری توێژینەوەی وەزارەتی زانست

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی کوردستاندا بە ئامادەبوونی جێگری توێژینەوەی وەزارەتی زانست، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا، پرس و پێداویستییەکانی بواری توێژینەوەی ئەم زانکۆیە لەوانە ناجێگیریی سەرچاوە داراییەکانی توێژینەوە، سنوورداربوونی هاوکارییە زانستییە نێودەوڵەتییەکان، بەربەستەکانی بەردەم پەرەپێدانی گرێبەستە توێژینەوەییەکان لەگەڵ کەرتی پیشەسازی و کۆنبوون و داخورانی ژێرخان و ئامێرە تاقیگەییەکان خرانە بەر باس.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بە ئامادەبوونی دکتۆر سەید مەهدی ئەبتەحی، جێگری توێژینەوەی وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا، عادل سی‌وسێ‌مەردە، سەرۆکی زانکۆی کوردستان، ئەندامانی دەستەی زانستی و جێگرانی توێژینەوە بەڕێوەچوو.

عادل سی‌وسێ‌مەردە، سەرۆکی زانکۆی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا بە ئاماژەدان بە توانستە زانستییەکانی زانکۆ گوتی: «زانکۆی کوردستان بە زیاتر لە ١٠ هەزار خوێندکار، ٤٤٧ ئەندامی دەستەی زانستی، نزیکەی ٥٠٤ خوێندکاری نێودەوڵەتی و ٢٥٤ بەش و گرایشی خوێندن، تاقە زانکۆی گشتگیری پارێزگایە و ڕۆڵێکی گرینگی لە گەشەپێدانی زانستیی ڕۆژاوای وڵاتدا هەیە.»

ناوبراو هەواڵی زیادکردنی ٣٠ لقی نوێی خوێندنی لەمساڵدا بۆ ناو بەشەکانی زانکۆ ڕاگەیاند و گوتی: «لەو ژمارەیە، ١٠ لق لە قۆناغی دکتۆرا و دوو لق لە قۆناغی بەکالۆریۆس بۆ بوارە پەروەردەییەکانی زانکۆ زیاد کراون.»

سەرۆکی زانکۆی کوردستان هەروەها هەواڵی دروستکردنی کۆلێژێکی لە شاری سەقز ڕاگەیاند و زیادی کرد: «هەوڵ دەدەین وەرگرتنی خوێندکار لەم کۆلێژە لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٦ەوە دەست پێبکات.»

سی‌وسێ‌مەردە بە ئاماژەدان بە دەستکەوتە توێژینەوەییەکانی زانکۆ ڕوونی کردەوە: «٩ کەس لە ئەندامانی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان لە ڕیزی توێژەرانی یەک لەسەدی باڵا و ٢٣ کەس لە ڕیزی توێژەرانی دوو لەسەدی باڵای جیهاندان، هەروەها دوو کەس لە مامۆستایانی زانکۆ لە نێو ٢٠ مامۆستای سەرکەوتووی وڵاتدا توانیویانە خەڵاتی عەلامە بەدەست بهێنن.»

ناوبراو پلەی زانکۆی کوردستانی لە نێوان زانکۆکانی وڵاتدا بە شایستە و لەبار وەسف کرد و کەمبوونی ئیمکانات و کەرەستەی بەشەناوخۆییەکانی بەپێی ڕێژەی خوێندکاران وەک ئاستەنگێکی سەرەکیی زانکۆ دەستنیشان کرد.

لە درێژەدا بەهرام‌نەژاد، جێگری توێژینەوەی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کوردستان‌ناسی، ناوەندی کارسازی و گەشەی کانوونە تەکنەلۆژییەکان، ناوەندی تەکنەلۆژیای زانیاری و ٩ ناوەندی توێژینەوەی زانکۆ، گرنگترین تەحەداکانی بواری توێژینەوەی شی کردەوە.

ناوبراو ناجێگیریی سەرچاوە داراییەکانی توێژینەوە، سنوورداربوونی داهاتە تایبەتەکان، بەربەستەکانی بەردەم پەرەپێدانی گرێبەستە توێژینەوەییەکان لەگەڵ کەرتی پیشەسازی و دەزگا جێبەجێکارەکان، سنوورداربوونی هاوکارییە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و وەرگرتنی گرانتە دەرەکییەکان، و کەمی و کۆنبوونی کەلوپەلە تاقیگەییەکانی وەک گرفتە سەرەکییەکانی ئەم بوارە ژمارد.

جێگری توێژینەوەی زانکۆی کوردستان هەروەها گەشەنەسەندنی ژێرخانە دیجیتاڵییەکان و سیستەمە زیرەکەکانی بەڕێوەبردن و سنوورداربوونی سەرچاوە داراییەکان بۆ دابینکردنی دەرفەتە لێکۆڵینەوەییەکان و بەشداریی ئەندامانی دەستەی زانستی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئاستەنگێکی دیکەی توێژینەوەی زانکۆ خستەڕوو.

مەسعوود ئیبراهیمی، بەڕێوەبەری پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و پیشەسازیی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە سنووردارێتییە داراییەکانی زانکۆ گوتی: «زانکۆی کوردستان بەهۆی کۆسپ و کێشەکان و دووربوون لە ناوەندەوە، لە زۆرێک لە سەرچاوە داراییە فێرکارییەکان بێبەش بووە.»

ناوبراو بە پێداگری لەسەر پێویستیی سەرنجدانی تایبەت بە توانستەکانی زانکۆی کوردستان زیادی کرد: «سەرەڕای کەمبوونی ئیمکانات، ئەم زانکۆیە بە بەراورد بە دۆخ و سەرچاوە وەرگیراوەکان خاوەنی پێگەیەکی گونجاوە و پێویستە پاڵپشتیی زیاتری لێ بکرێت.»

ئیبراهیمی هەروەها بە ئاماژەدان بە دۆخی ژێرخانە تاقیگەیی و فێرکارییەکانی پارێزگا، داوای گرنگیدانی تایبەتی بە پەرەپێدانی ئەم ئیمکاناتانە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ژێرخانە بەردەستەکان لە ئاست پێداویستییەکانی زانکۆی کوردستاندا نین.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا، ئەندامانی دەستەی زانستیی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج، دیدگا و گرفتەکانی بوارە فێرکاری و توێژینەوەییەکانی زانکۆی کوردستانیان خستەڕوو و جەختیان لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی بەربەستەکان کردەوە.