11 11 2026

جێگری پارێزگار: پێویستە توێژینەوەکان ببنە بەستێنێک بۆ دەستنیشانکردنی ئاڵنگارییەکانی گەشەپێدانی کوردستان

جێگری پەرەپێدانی بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەکانی پارێزگاری کوردستان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئاراستەکردنی توێژینەوەکان بەرەو پرس و پێداویستییەکانی پارێزگاکە، ڕایگەیاند: «پێویستە توێژینەوەکان ببنە بەستێنێک بۆ دەستنیشانکردنی ئاڵنگارییەکان و بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدان و خستنەڕووی ڕێکاری کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان.»

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، محەممەدعەزیم مەلەک ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە کۆبوونەوەی لێژنەی زانستیی پارێزگا بۆ هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا، کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: «توێژینەوەکان کاتێک کاریگەر دەبن کە بتوانن خاڵە لاوازەکانی پارێزگاکە دەستنیشان بکەن و ڕێکاری زانستی و کاربەجێ بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشە هەنووکەییەکان بخەنە ڕوو.»

ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە خزمەتکردنی خەڵک و بەجێهێشتنی شوێنەوار و بەرهەمی مایندە لە ئەرکەکانی بەرپرسانە، گوتیشی: «هەموومان لە ماوەی بەرپرسیارێتیی خۆماندا ئەرکدارین کارنامە و شوێنەوارێکی مایندە لەدوای خۆمان بەجێ بهێڵین و لەم پێناوەشدا پێویستە کەڵک لە توانای زانستیی زانکۆکان و دەرەنجامی توێژینەوەکان وەربگرین.»

جێگری پەرەپێدانی بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەکانی پارێزگاری کوردستان بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی زانکۆکان لە دەستنیشانکردنی ئاڵنگارییەکانی گەشەپێدانی پارێزگاکە، ڕوونی کردەوە: «بەرپرسیارێتیی زانکۆکان تەنیا لە فێرکردندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ئەم ناوەندە زانستییانە دەبێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی ئامانجدارەوە، هۆکارەکانی گەشەنەسەندنی پارێزگاکە تاوتوێ بکەن و بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی هاوسەنگ ڕێکار بخەنە ڕوو.»

مەلەک لە درێژەدا گوتی: «هەندێک جار بەشێک لە یاسا و ڕێساکان دەبنە لەمپەر لە بەردەم گەشەپێدانی هاوسەنگدا، کە پێویستە ئەم بەربەستانە لە ڕێگەی توێژینەوەوە دەستنیشان بکرێن و بناسێنرێن و زەمینەی هەموارکردنەوەی ڕێسا و بڕیارە ئاستەنگسازەکان بڕەخسێنرێت.»

ناوبراو بە ئاماژەدان بە دروشمی هەفتەی توێژینەوەی ساڵی ١٤٠٥ لەژێر ناونیشانی «توێژینەوە و تەکنەلۆژیا؛ پێشەنگی ئێرانی بەهێز و خۆڕاگر»، ڕایگەیاند: «پێویستە گرنگیی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە کۆمەڵگەدا جێگیر بکرێت و دەرەنجامی چالاکییە زانستییەکان بتوانێت لە چارەسەرکردنی پرس و کێشەکانی خەڵک و بەرەوپێشبردنی ڕەوتی گەشەپێدانی پارێزگاکە و وڵاتدا ڕۆڵ بگێڕێت.»

ناوبراو وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی کەڵکوەرگرتن لە بارستایی و توانای زانکۆی کوردستان، خستییە ڕوو: «ئەم زانکۆیە دەبێت وەک تەوەر و سکرتاریەتی سەرەکیی بەرنامە زانستییەکانی هەفتەی توێژینەوە، زەمینەی پەیوەندییەکی کاریگەر لەنێوان زانکۆ، دامودەزگا جێبەجێکارەکان و پرسە ڕاستەقینەکانی پارێزگاکەدا بڕەخسێنێت، تاکوو دەستکەوتە زانستییەکان لە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی گەشەپێدانی کوردستاندا بەکار بهێنرێن.»