خەڵاتی نێودەوڵەتیی مەستوورە؛ هەوڵێکە بۆ ناساندنی ژنانی کاریگەر لە بوارە جیاوازەکاندا
جێگری توێژینەوەی زانکۆی کوردستان و جێگری خەڵاتی مەستوورە گوتی: یەکەمین خولی خەڵاتی نێودەوڵەتیی مەستوورە ساڵی داهاتوو بە ئامانجی ناسینەوە، ناساندن و ڕێزلێنان لە ژنانی کاریگەری کورد لە بوارە جیاوازەکاندا بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، بەهمەن بەهرامنژاد ڕایگەیاند: زانکۆی کوردستان یەکێک لە زانکۆ دیارەکانی وڵاتە و لە ساڵانی دواییدا توانسویەتی لە کنار چالاکییە زانستییەکانیدا لە بوارەکانی کلتووری، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیشدا بەرنامەی بەنرخ پەیڕەو بکات کە خەڵاتی ئەدەبیی پێنووسی "هەژار" یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکانیەتی.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێگەی چالاکییە کلتووری و ئەدەبییەکانی زانکۆ زیادی کرد: بەڕێوەبردنی خەڵاتی ئەدەبیی «پێنووسی هەژار» یەکێک لە هەنگاوە بەرچاوەکانی زانکۆ بووە لەم بوارەدا و هیوادارین لە داهاتووشدا شاهیدی بەرنامەی کاریگەر لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان بین.
سەبارەت بە شێوەگرتنی بیرۆکەی خەڵاتی "مەستوورە" گوتی: بۆ داڕشتنی پەیڕەونامە و دیاریکردنی چوارچێوەکانی ئەم خەڵاتە، کۆبوونەوەی زۆر بەڕێوە چوو و کەڵک لە توانایی و ڕوانگەی ژنانی چالاک لە بوارە زانستی، کلتووری، ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان وەرگیراوە.
جێگری توێژینەوەی زانکۆی کوردستان بەردەوام بوو: ئەنجومەنی سیاسەتدارێژەریی ئەم خەڵاتەش بە ئامادەبوونی ژنانی کاریگەری کوردستان پێکھێنراوە و ئەندامانی ئەنجومەنەکە لە پرۆسەی شێوەگرتن و بەئەنجامگەیشتنی ئەم ڕووداوەدا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: خەڵاتی نێودەوڵەتیی مەستوورە بە ئامانجی ڕێزلێنان لەو ژنانە بەڕێوە دەچێت کە لە بوارە جیاوازەکانی زانستی، ئەدەبی، کلتووری، کۆمەڵایەتی و گۆڕەپانەکانی دیکەدا چالاکی و ڕۆڵگێڕانیان هەبووە و هەوڵ دراوە پانتاییەکەی سنووردار بە بوارێکی تایبەت نەبێت.
