27 10 2026

لە پێناو ئاسانکاری بۆ چالاکییە فێرکاری و توێژینەوەییەکان؛

سیستەمی یەکگرتووی خزمەتگوزارییەکانی زیرەکیی دەستکردی زانکۆی کوردستان خرایە گەڕ

سیستەمی یەکگرتووی خزمەتگوزارییەکانی زیرەکیی دەستکردی زانکۆی کوردستان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکییە فێرکاری و توێژینەوەییەکان، لەلایەن ناوەندی تەکنەلۆژیای زانیاری و ئاسایشی فەزای مەجازییەوە و لەژێر چاودێریی یاریدەدەرایەتیی پلاندانان و وەرچەرخانی دیجیتاڵیی ئەم زانکۆیەدا خرایە گەڕ.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، لە هەنگاوی یەکەمی کەڵکوەرگرتن لەم بەستێنە تەکنەلۆژییەدا، ئەندامانی دەستەی زانستیی زانکۆ دەتوانن لە ڕێگەی هەژماری کاربەریی یەکگرتووی زانکۆیی خۆیانەوە بچنە ناو سیستەمەکە و لە ژینگەیەکی یەکگرتوودا، سوود لە مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی زیرەکیی دەستکرد لەوانە OpenAI ،Claude و DeepSeek وەربگرن.

ئەم سیستەمە سەرەڕای کۆکردنەوەی مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی زیرەکیی دەستکرد لە دەروازەیەکی یەکگرتوودا، تایبەتمەندیی وەک توانای گەڕانی زیندوو لە وێبدا، هاوپێچکردنی جۆرەها فایل لە وتووێژەکاندا و پێشکەشکردنی ڕووکاری بەرنامەسازی (API)ی تایبەت بە گەشەپێدەران و توێژەرانی دابین کردووە. هەروەها بۆ بەڕێوەبردنی هەژمارەکان، جزدانێکی ئەلیکترۆنی لەم بەستێنەدا جێگیر کراوە کە تێچووی هەر وتووێژێک بە تمەن پیشان دەدات و لە ئەگەری کەمبوونەوەی باڵانسدا، لە ڕێگەی کورتەنامەوە کاربەر ئاگادار دەکاتەوە.

لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی زانکۆدا بۆ برەودان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان و پاڵپشتیکردنی توێژەران، تێچووی بارگاویکردنەوە (شارژکردنەوە)ی ئەم سیستەمە لەسەر بودجەی توێژینەوەیی (گرانت)ی ئەندامانی دەستەی زانستی شیاوی پارەدان و پاکتاوکردنە. سەرەڕای ئەمەش، زانکۆ بە ئەندازەی بڕی بارگاویکردنەوەی هەر کاربەرێک، باڵانسی هاندەری هاوشێوە دەخاتە سەر هەژمارەکەی.

لە داڕشتنی ئەم سیستەمەدا، پاراستنی تایبەتمەندیی کەسی و ئاسایشی داتاکانی کاربەرانیش لەبەرچاو گیراوە؛ بە شێوەیەک کە ناوەڕۆکی وتووێژەکان بۆ بەڕێوەبەرانی سیستەمەکە شیاوی بینین نییە و تەنها بڕی بەکارهێنانی تۆکن و تێچووی هەر وەڵامێک لە سیستەمەکەدا تۆمار دەکرێت.