04 11 2026

دەستپێکی وەرزێکی نوێی هاوکارییە زانستی و پیشەسازییەکانی زانکۆی کوردستان و پترۆشیمی/ دیاریکردنی تێزەکانی خوێندنی باڵا لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی کۆمپانیای پترۆشیمی

کۆمەڵێک لە ئەندامانی دەستەی زانستیی بەشە جیاوازەکانی زانکۆی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ کارمەندانی تاقیگەی ناوەندیی ئەم زانکۆیە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکارییە زانستی و توێژینەوەییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و پیشەسازی، سەردانی کۆمپانیای پترۆشیمیی کوردستانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، لە میانەی ئەم سەردانەدا، ئامادەبووان وێڕای ئاشنابوون بە بەشە جیاوازەکان، ڕەوتە کردەییەکان و چالاکییە پسپۆڕییەکانی ئەم کۆمەڵگە پیشەسازییە، لە دانیشتنە پسپۆڕییەکاندا لەگەڵ بەڕێوەبەران و کارناسانی کۆمپانیاکە، سەبارەت بە بوارەکانی هاوکاریی هاوبەش، کەڵکوەرگرتن لە بارستاییە زانستی و تاقیگەییەکانی زانکۆ و دەستنیشانکردنی پێداویستییە توێژینەوەیی و تەکنەلۆژییەکانی پیشەسازی بیروڕایان گۆڕییەوە.

لە ڕەوتی ئەم سەردانەدا، بۆ بەڕێوەبردنی زنجیرەسمینارێکی پسپۆڕی بە ئامانجی ئاشنابوونی زیاتری خوێندکاران لەگەڵ پرۆسە پیشەسازییەکان و پێداویستییە پسپۆڕییەکانی بازاڕی کار ڕێککەوتنێک ئەنجام درا کە لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار درا کۆمپانیای پترۆشیمیی کوردستان مانگانە یەکێک لە پسپۆڕان و کارناسە بەئەزموونەکانی خۆی بۆ پێشکەشکردنی سمینارێکی پسپۆڕیی ٩٠ خولەکی بە زانکۆی کوردستان بناسێنێت.

ئەم سمینارانە بە تەوەری بوارە پسپۆڕییەکان و ئەزموونە جێبەجێکارییەکانی پیشەسازی بەڕێوە دەچن و زەمینەی گواستنەوەی زانست و ئەزموون لە ژینگەی ڕاستەقینەی پیشەسازییەوە بۆ ناوەندی زانکۆیی دەڕەخسێنن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دانیشتنەدا، جەخت لەسەر پێویستیی هەنگاونان لە هاوکارییە گشتییەکانەوە بەرەو پێناسەکردنی پڕۆژە هاوبەش و کێشەتەوەرەکان کرایەوە؛ هەر لەسەر ئەم بنەمایە بڕیار درا کۆمپانیای پترۆشیمیی کوردستان لیستێک لە پێداویستی و ئەولەوییەتەکانی خۆی لە سێ تەوەردا پێشکەش بە زانکۆ بکات.

ئەم تەوەرانە بریتین لە دەستنیشانکردنی بابەتە توێژینەوەییە شیاوەکان لە چوارچێوەی ماستەرنامە و تێزەکانی دکتۆرادا بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگە تەکنیکی و پسپۆڕییەکانی کۆمپانیاکە، ناساندنی پێداویستییە تەکنەلۆژی و داهێنەرانەکان بە ئامانجی کەڵکوەرگرتن لە توانای زانستیی ئەندامانی دەستەی زانستی، بارستاییە تاقیگەییەکان و توانستە توێژینەوەییەکانی زانکۆ و هەروەها دەستنیشانکردنی زەمینەی گونجاو بۆ ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی زانستی لە ژینگەی پیشەسازی و ئەنجامدانی دەرفەتە توێژینەوەییەکانی (فورسەتی موتاڵاعاتی) پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و پیشەسازی.

لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە ئەنجامدراوەکان، دوای وەرگرتن و تاوتوێکردنی ئەم پێداویستییانە، زانکۆی کوردستان و کۆمپانیای پترۆشیمیی کوردستان بە پێکهێنانی تیمی پسپۆڕیی هاوبەش، زەمینەی لێکۆڵینەوە، ئەولەوییەتدانان و جێبەجێکردنی بابەتە پێشنیارکراوەکان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتننامەی هاوکاریی واژۆکراوی نێوان هەردوو ناوەندەکەدا دەڕەخسێنن.

شایانی باسە، ئەم سەردانە بە هەنگاوێک لە ئاراستەیپێکهێنانی هاوکاریی بەردەوام، ئامانجدار و کێشەتەوەر لەنێوان زانکۆی کوردستان و یەکێک لە کۆمەڵگە پیشەسازییە گرنگەکانی پارێزگاکە هەژمار دەکرێت؛ هاوکاریگەلێک کە سەرەڕای ئەوەی پیشەسازی دەکەنە بەستێنێک بۆ ئاشنابوونی خوێندکاران لەگەڵ ژینگەی کار، دەیشیکەنە زەمینەیەک بۆ فێرکردنی کاربەجێ (کرداری)، دیاریکردنی پرسە توێژینەوەییەکان، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان.

نووسینگەی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و پیشەسازیی زانکۆی کوردستانیش بە بەدواداچوونی ڕێککەوتنە بەدەستهاتووەکان، هەوڵ دەدات بە دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕێکخراو لەنێوان پسپۆڕانی پیشەسازی و ئەندامانی دەستەی زانستیدا، زەمینەی کەڵکوەرگرتن لە بارستاییە زانستی، توێژینەوەیی و تاقیگەییەکانی زانکۆ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پیشەسازی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا پێویستەکانی ناوچەکە بڕەخسێنێت.