جێگری وەزیری زانست: زانکۆ سەرەڕای فێرکاری و توێژینەوە، بەرپرسیارێتیی پێگەیشتوویی و پەروەردەکردنی هاووڵاتیی دەربەستی لە ئەستۆدایە
جێگری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنۆلۆژیا بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی فەرهەنگ و هونەر لە پایەداری و مانەوەی دەستکەوتە زانکۆییەکان وتی: زانکۆ تەنیا شوێنی فێرکاریی پسپۆڕی و بەرهەمهێنانی زانست نییە، بەڵکوو یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی، پەروەردەکردنی مرۆڤی پێگەیشتوو، هاووڵاتیی بەرپرسیار و دەربەستە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، وەحید شالچی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە ڕێوڕەسمی کۆتاییپێهاتنی سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش" کە لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو، وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵی چالاکوانانی فەرهەنگیی زانکۆکان، ڕایگەیاند: لە بارودۆخێکدا کە زانکۆکان ڕووبەڕووی سەختی و سنووردارێتیی جۆراوجۆر بوونەتەوە، چالاکیی فەرهەنگی و هەوڵدان بۆ زیندووڕاگرتنی کەشی فەرهەنگی لە ژینگەی زانکۆدا، هەنگاوێکی بەنرخە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرنگیی فەرهەنگ و هونەر لە بەهێزکردنی ڕۆحییەی بەرگری و پایەداری وتیشی: یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی بەرگری، فەرهەنگ و هونەرە و ئەو چالاکییانەی کە چالاکوانانی فەرهەنگی لە زانکۆکاندا ئەنجامی دەدەن، هەر لەم چوارچێوەیەدا گرنگی پەیدا دەکەن.
شالچی لە درێژەدا وتی: زانکۆ سێ ئەرکی سەرەکیی فێرکاری، توێژینەوە و فەرهەنگی هەیە و ئەرکی زانکۆ تەنیا پەروەردەکردنی پسپۆڕ نییە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە مانەوەی چالاکییە فەرهەنگییەکان لە کەسایەتیی تاکەکاندا شێوە دەگرێت، وتی: بەشێکی گرنگی ئەوەی لە قۆناغی زانکۆوە لە زەینی دەرچوواندا دەمێنێتەوە، هەر ئەم ئەزموونە فەرهەنگی و مرۆییانەیە.
شالچی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ناوەندە فەرهەنگییەکانی زانکۆکان زەمینەی پەیوەندیی خوێندکاران لەگەڵ میراتی دەوڵەمەندی مرۆڤایەتیدا دەڕەخسێنن، وتیشی: ئەو خوێندکارەی ئەزموونی ڕاستەقینەی ئامادەبوون لە چالاکییە فەرهەنگییەکانی زانکۆدا تێدەپەڕێنێت، بەدڵنیاییەوە دەبێتە مرۆڤێکی جیاوازتر.
