پێشەکییەک بۆ سیستەمەکانی ڕیزبەندیی زانکۆکان

زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان بەردەوام ڕووبەڕووی ژینگەیەکی پڕ لە ئاستەنگ و کێبڕکێیەکی توند لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا دەبنەوە. ئەم کێبڕکێیە سیستەمێکی نوێی هەڵسەنگاندنی زانکۆکانی هێناوەتە ئاراوە کە بە «ڕیزبەندیی زانکۆکان» (University Ranking) ناسراوە. ڕیزبەندی بریتییە لە دیاریکردنی پێگەی دامەزراوەیەک بە بەراورد لەگەڵ دامەزراوەکانی تر لەسەر بنەمای پێوانی کۆمەڵێک پێوەر و نیشاندەر، کە لە کۆتاییدا لیستێکی ڕیزبەندکراوی زانکۆ و دامەزراوەکان پێشکەش دەکات. ئەمڕۆ، ڕیزبەندیی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بە بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمەکانی خوێندنی باڵا دەژمێردرێت؛ چونکە تەنیا بە چاودێرییەکی ئامانجدار، ڕێکخراو و وردی کارکردنیان دەتوانرێت بەردەوامی بە بەرزکردنەوەی کوالیتی بدرێت. لەبەر ئەوە، دەکرێت بە دیزاینکردنی ورد و گشتگیری نیشاندەرەکانی کارکردن، ئەم دامەزراوەیانە ڕیزبەندی بکرێن و بە دروستکردنی ژینگەیەکی کێبڕکێکار، پێشکەوتنی خێرا و گەیشتن بە ئامانجەکانی خوێندنی باڵا ئاسان بکرێت. شارەزابوون لە سیستەمەکانی ڕیزبەندی و نیشاندەرەکانیان، یەکێکە لە پێداویستییە حاشاهەڵنەگرەکانی داڕشتنی بەرنامەی گۆڕانکاریی ستراتیژیی زانکۆکان. ڕیزبەندیی زانکۆکان لەسەر بنەمای چەندین پێوەری جیاواز وەک پێوەرە توێژینەوەیی، پەروەردەیی، ناوبانگی نێودەوڵەتی، ئاسانکاری و کەرەستەکان و... ئەنجام دەدرێت کە هەر پێوەرێکیان خاوەن نیشاندەری دیاریکراوە. ئەو زانکۆیانەی لە سیستەمە جیاوازەکانی ڕیزبەندییدا جێگەیان دەبێتەوە، خاوەن ئەو تایبەتمەندی و نیشاندەرانەن کە بۆ گەشە و پێشکەوتنی وڵات پێویستن؛ لەبەر ئەمە لە هەندێک لە زانکۆکانی دنیادا لەم ڕیزبەندییانە بۆ هەڵسەنگاندنی کوالیتی کەڵک وەردەگیرێت. هەندێک لە گرینگترین ئەم سیستەمانە بەم شێوەیەی خوارەوەن:
  • ١. ڕیزبەندیی شانگهای (ARWU): ڕیزبەندیی ئاکادیمیی زانکۆکانی جیهان ناسراو بە "شانگهای"، یەکێکە لە متمانەپێکراوترین سیستەمەکانی ڕیزبەندی کە لەلایەن زانکۆی شانگهای چینەوە بڵاو دەکرێتەوە. ئەم ڕیزبەندییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک پڕۆژەیەکی گەورە دەستی پێکرد. هەروەها ڕیزبەندیی بابەتە ئاکادیمییەکان (GRAS) لە ساڵی ٢٠١٧وە بە میتۆدۆلۆژییەکی نوێوە زیادکرا. لە ڕیزبەندیی بابەتەییدا، زانکۆکان لە ٥٤ بابەتی زانستی لە ٥ بواردا (زانستە سروشتییەکان، ئەندازیاری، زانستی ژینگە، پزیشکی، و زانستە کۆمەڵایەتییەکان) بەپێی ٥ نیشاندەر هەڵدەسەنگێندرێن: بەرهەمی توێژینەوە، کاریگەریی توێژینەوە، هاریکاریی نێودەوڵەتی، کوالیتیی توێژینەوە، و خەڵاتە زانستییە نێودەوڵەتییەکان.

    ٢. ڕیزبەندیی کیو ئێس (QS): یەکێکە لە سیستەمە هەرە بەناوبانگەکان کە ساڵانە لەلایەن کۆمپانیای "کواکاریلی سیموندز"ەوە بڵاو دەکرێتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٤وە بە ٦ نیشاندەر زانکۆکان هەڵدەسەنگێنێت. نیشاندەرەکان: ١. ناوبانگی ئاکادیمی (٤٠٪). ٢. ناوبانگی لای خاوەنکاران (١٠٪). ٣. ڕێژەی مامۆستا بۆ خوێندکار (٢٠٪). ٤. ڕێژەی وەرگرتنی سەرچاوە (سیتەیشن) بۆ هەر ئەندامێکی هیئەتی زانستی (٢٠٪). ٥. ڕێژەی مامۆستا و خوێندکاری نێودەوڵەتی (١٠٪).

    ٣. ڕیزبەندیی تایمز (Times Higher Education): لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی پێکردووە و لە ٢٠١٠وە سەربەخۆیە. بە ١٣ نیشاندەر و ٥ پێوەری سەرەکی: پەروەردە (٣٠٪)، توێژینەوە (٣٠٪)، سیتەیشن (٣٠٪)، پێگەی نێودەوڵەتی (٧.٥٪)، و داهاتی پیشەسازی (٢.٥٪) هەڵسەنگاندن دەکات. هەروەها "ڕیزبەندیی کاریگەری" (Impact Ranking) بۆ پابەندبوون بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDGs) بڵاو دەکاتەوە.

    ٤. ڕیزبەندیی لایدن (Leiden): لە زانکۆی لایدنی هۆڵەندا لە ساڵی ٢٠٠٧وە بەکاردێت. سەرنج دەخاتە سەر ٤ پێوەری گشتی: کاریگەریی زانستی، هاریکاریی زانستی، دەستڕاگەیشتنی ئازاد، و فرەچەشنیی ڕەگەزیی نووسەران. پێویستە زانکۆ لانیکەم ٨٠٠ وتاری زانستی لە Web of Science هەبێت.

    ٥. ڕیزبەندیی یو ئێس نیوز (U.S. News): لە ساڵی ٢٠١٥وە زانکۆکان بەپێی ناوبانگی جیهانی و ناوچەیی، ژمارەی وتارەکان، کتێبەکان، و کاریگەریی سیتەیشنەکان هەڵدەسەنگێنێت.

    ٦. ڕیزبەندیی وێبۆمێتریکس (Webometrics): لەلایەن تاقیگەی "سایبەر مێتریکس"ی ئیسپانیاوە دەکرێت. سەرنج دەخاتە سەر ئامادەیی زانکۆکان لە دنیای وێبدا (قەبارەی زانیارییەکان، دەستڕاگەیشتن، و ژمارەی سیتەیشنەکان). ئامانج لێی دەرخستنی پابەندبوونی زانکۆکانە بە دنیای ڤیرتۆئال.

    ٧. ڕیزبەندیی گرین مێتریک (GreenMetric): بۆ تەرخانکردنی زانکۆکانە بۆ ژینگە و پایداری (Sustainability). بە ٦ پێوەر: ژینگە، وزە، پاشەڕۆ، ئاو، گواستنەوە، و پەروەردە هەڵدەسەنگێندرێت.

    (تێبینی: ڕیزبەندییەکانی دیکە وەک HEEACT، CWUR، SIR، SJR، URAP، و ISC هەر یەکە و بەپێی تایبەتمەندی و میتۆدی جیاواز کاری خۆیان دەکەن).