27 04 2026

بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتی و ڕاگری کۆلێژەکان؛

ڕێزگرتن لە ئەندامانی کارگرووپە پسپۆڕییەکانی پلاندانانی خوێندنی باڵا و تاوتوێکردنی پەرەپێدانی سیستمە نوێیەکان لە زانکۆی کوردستان

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی کوردستاندا، ڕەوتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشوو و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە بوارە جیاجیاکانی زانکۆدا هەڵسەنگێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی، ڕاگری کۆلێژەکان و ئەندامانی تری ئەنجومەن لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو. لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا، سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەوڵ و خزمەتەکانی ئەندامانی کارگرووپە پسپۆڕییەکانی پلاندانانی خوێندنی باڵای زانکۆ کرا. ئەم کارگرووپانە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی ستراتیژە فێرکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتیی پرۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆ.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری ناوەندی فێرکارییە نوێیەکان و ئازادی زانکۆ، ڕاپۆرتێکی گشتگیری سەبارەت بە کارکردی سیستمی "گفتینۆ" پێشکەش کرد. لەم ڕاپۆرتەدا، وێڕای ڕوونکردنەوەی تواناکانی ئەم سیستمە لە ئاسانکاریی پەیوەندی نێوان بەکارهێنەران و بەشە جیاوازەکانی زانکۆ، پێشنیارگەلێک بۆ بەکارهێنان و جێبەجێکردنی ئەم ژێرخانە لە بەشە کارگێڕی و فێرکارییەکانی تری زانکۆدا خرایە ڕوو و گۆڕینەوەی بیروڕای لەسەر کرا.

بەشێکی تری ئەم دانیشتنە تەرخانکرا بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکانی پێشووی ئەنجومەنی زانکۆ. ئەندامانی ئەنجومەن لەم بەشەدا ئاستی پێشکەوتنی پڕۆژەکان و ئەو تەحەدییانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی هەندێک لە بڕیارەکاندا بوون تاوتوێ کرد و ڕێگەچارەی پێویستیان بۆ خێراکردنی ڕەوتی کارەکان پێشنیار کرد.