27 04 2026

ئەندامێکی دەستەی زانستی زانکۆی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی سنەدا ئامادە بوو و جەختی لەسەر ڕۆڵی هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی لە خۆڕاگریی وڵاتدا کردەوە

هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە ڕەگەزە گرینگەکانی هێز لە وڵاتدا

ئەندامێکی دەستەی زانستی زانکۆی کوردستان هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتیی بە یەکێک لە گرینگترین ڕەگەزەکانی هێزی وڵات زانی و ڕایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری وڵاتدا دەبینرێت، هاودڵی و هاوڕێیەتیی خەڵکە کە وەک سەرمایەیەکی گەورە، وڵاتی لە بەرامبەر قەیرانەکاندا خۆڕاگر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ فەرهاد وەفایی، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی بانەمەڕ لە کۆبوونەوەی شەوانەی خەڵکی سنەدا، بە جەختکردنەوە لەوەی کە پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان زانست، خەڵک و پێکهاتەی سیستم، ئێرانی لە بەرامبەر هەڕەشە و گوشارەکاندا بە پارێزراوی هێشتووەتەوە، ڕایگەیاند: خۆڕاگریی وڵات دەرئەنجامی سێ ڕەگەزی هاوپێوەندیی جەماوەری، توانای زانستی و پێکهاتەی سیستمە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە دوو دەیە چالاکیی خۆی لە کایەی پەروەردەدا وتی: "ئەرکی سەرەکیم لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا هەمیشە لە پۆلی وانەوتنەوەدا بووە، بەڵام ئەمڕۆ بابەتەکە ئێرانە و هەر ئەمەش ئامادەبوون لە مەیدانی کردووە بە ئەرکێکی نیشتمانی."

وەفایی بە ئاماژەدان بە دۆخی هەستیاری وڵات، ئامادەبوونی خۆی لەم کۆڕەدا بە کەمترین ئەرکی سەرشانی بەرامبەر بە ئێران ناوبرد و وتی: "هەمان ئەو زانستەی دوێنێ لە قاڵبی ماتماتیک و فیزیکدا بۆ پێشکەوتنی زانستیی وڵات بەکار دەهات، ئەمڕۆ لە کایەی بەرگریشدا بەکار دەهێنرێت و ئەمەش نیشاندەری ڕۆڵی سەرەکیی زانکۆییەکانە لە دابینکردنی شکۆی نیشتمانی." ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بە دۆخی گەمارۆ و گوشارە نێودەوڵەتییەکان کرد و وتی: "ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی توندترین گەمارۆکان بووەتەوە، بەڵام نەک هەر تێکنەچووە، بەڵکوو لە زۆر بواردا توانیویەتی خۆی بونیاد بنێتەوە و تەنانەت بەهێزتر دەربکەوێت."

وەفایی لە درێژەدا تیشکی خستە سەر چەمکی "خۆڕاگری" لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا و وتی: "خۆڕاگریی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی گرینگیی خۆی هەیە، بەڵام کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم خۆڕاگرییە، پێکهاتەی سیستمە کە توانیویەتی لە بارودۆخە سەختەکاندا، سەقامگیری و کارایی خۆی بپارێزێت." ئەم ئەندامەی دەستەی زانستی زانکۆی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت لەو کاتانەی ژێرخانەکان و دامەزراوەکان ڕووبەڕووی تەحەدی بوونەتەوە، وڵات توانیویەتی بەبێ دروستکردنی پەککەوتنێکی جیدی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکدا، دۆخەکە بەڕێوە ببات کە ئەمەش نیشاندەری توانای بەرزی بەڕێوەبەری و پێکهاتەییە. وەفایی هەروەها تیشکی خستە سەر مێژووی ئێران و وتی: "لە درێژایی مێژوودا، ئێران هەمیشە بە پشت بەستن بە غیرەت و فیداکاریی ڕۆڵەکانی خۆی بە پێوە ماوەتەوە و ئەمڕۆش ئەم ڕۆحیەتە لە نێوان خەڵکدا زیندووە." لە کۆتاییدا وێڕای دەستخۆشی لە خەڵک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکڕیزی، ڕایگەیاند: ئەوەی لەم قۆناغەدا دەبێت بپارێزرێت، هاودڵی و هاوپێوەندیی نیشتمانییە؛ چونکە دوژمنان لە هەموو شتێک زیاتر بەدوای دروستکردنی دووبەرەکیدان، بەڵام گەلی ئێران نیشانی داوە کە لە ساتە هەستیارەکاندا بە یەکگرتوویی و سەقامگیری دەوەستێت.