12 02 2026

لە کۆبوونەوەی "جیهادی ڕوونکردنەوە"دا، بەرپرسی نوێنەرایەتی ڕێبەری لە زانکۆی کوردستان لە گەڵ بەسیجی فەرمانبەرانی زانکۆ، ئاماژەی بە ڕەهەندەکانی شەڕی نەرم، جیهادی ڕوونکردنەوە، پرسە ئابوورییەکان، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی و جیاوازی نێوان ناڕەزایەتی و ئاژاوەگێڕی کرد و جەختی لەسەر ڕۆڵی هۆشیاری و ئاگاداریی خەڵک لە پاراستنی تەناهی و پێشکەوتنی وڵات کردەوە.

جیهادی ڕوونکردنەوە گرینگترین ئەرکی ئەمڕۆیە لە بەرەوڕووبوونەوەی شەڕی نەرمدا

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ حوجەتولئیسلام عابیدین ڕۆستەمی لە کۆبوونەوەی جیهادی ڕوونکردنەوە کە لە نووسینگەی نوێنەرایەتی ڕێبەری بەڕێوەچوو، وێڕای پیرۆزبایی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، جەختی لەسەر گرینگی جیهادی ڕوونکردنەوە کرد و ڕایگەیاند: "لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، جیهاد تەنیا بە واتای ئامادەبوون لە مەیدانی سەربازیدا نییە، بەڵکو جیهاد بە زمان و وتە، هەمیشە پێویست و لە ئارادایە و بە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی موسڵمانان و کەسانی بڕوادار دادەنرێت."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەربڵاوی شەڕی نەرم دژی وڵات ڕایگەیاند: "بەپێی دوایین ئامارەکان، هەر تاکێک لە ئێراندا نزیکەی ١٨٩ هێندەی خەڵکی دیکەی جیهان لەبەر دەم شەڕی نەرمدایە." هەروەها وتیشی کە شەڕی نەرم لە ڕێگەی شێواندنی ڕاستییەکانەوە کار دەکات و زیادی کرد: "لە شەڕی سەختدا دوژمن بە گیان و ماڵ دەجەنگێت، بەڵام لە شەڕی نەرمدا دەبێت بە زمان و پێنووس بچینە مەیدانەوە؛ چونکە یەکێک لەو بابەتانەی کە هەم یارمەتی هۆشیاری خەڵک و هەم بەهێزبوونی کۆمەڵگە دەدات، ناسین و ڕوونکردنەوەی دروستی شەڕی نەرمە، چونکە زۆر کەس لە ڕەهەندەکانی ئاگادار نین."

حوجەتولئیسلام ڕۆستەمی ئاماژەی بە کێشە ئابوورییەکانی وڵات کرد و وتی: "بوونی کێشەی ئابووری، گەمارۆکان و خراپی بەڕێوەبردن نکۆڵی لێ ناکرێت. ئەگەر گەندەڵی و قۆرخکارییەک دەبینرێت، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ خراپی بەڕێوەبردن و ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە دۆخی بژێوی خەڵک لە ئاستێکی گونجاودا نییە. ئابووری بووەتە خاڵی لاوازی و هەر ڕووداوێک کە ڕووبدات، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک دەبێت." هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەکارهێنانی ڕێگە و مۆدێلی گونجاو لە ڕوونکردنەوەی بابەتەکاندا کردەوە و وتی: "ئێمە بەرپرسیارین لە ڕوونکردنەوەی دروستی ڕووداوەکان و دەبێت بە شێوازێکی ورد و دادپەروەرانە ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین."

سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی، ڕایگەیاند: "شۆڕشی ئیسلامی دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین پرسیار؛ لەوانە بۆچی شۆڕش کرا و ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکدا بوو یان نا. بۆیە پشکنین و هەڵسەنگاندنی شۆڕش پێویستی بە ئامار، ژمارە و دادپەروەری هەیە و دەبێت هەم خاڵە بەهێزەکان و هەم خاڵە لاوازەکان بە دروستی ببینرێن." ناوبراو لە درێژەدا وتی: "خەڵکی ئێران گەلێکی ژیر و وردبینن و بە باشی دەزانن کێ دژی ئەوانە و کێ لەگەڵیانە، کێ بەدوای ڕووخاندن و کێ بەدوای ئاوەدانکردنەوەیە. بۆیە سەرەڕای هەموو کێشەکان، هێشتا تەناهی گرینگترین پرسە بۆ خەڵک و ئەوان ئەم بابەتە بە باشی تێدەگەن و پاراستنی تەناهی وڵات بە گرینگتر لە کێشە ئابوورییەکانی خۆیان دەزانن."

حوجەتولئیسلام ڕۆستەمی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی دوژمنان کرد و وتی: "دوژمن چەندین بنکەی لە دەوروبەری وڵاتدا دامەزراندووە و ئەگەر پێیان بگاتە ناو وڵات، جیاوازی لە نێوان کەسدا ناکەن؛ هەروەک چۆن لە ڕووداوەکانی هەندێک وڵاتدا بینیمان." هەروەها وتیشی: "خەڵک هەمیشە لە هەر شۆڕشێک و لە هەر کاتێکدا سەرەکیترین و بەهێزترین کۆڵەکەی شۆڕشن. لە سەردەمی پەهلەویدا، ئەم خەڵکە بوون کە سەرەڕای پشتگیرییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ڕژێمی شا، توانییان ڕژێمی ستەمکار بڕووخێنن و ئەگەر ئەمڕۆش پشتگیری لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکەن، بەو هۆیەیە کە خەڵکی ئێمە باش و خراپ لە یەکتر جیادەکەنەوە."

ناوبراو ئاماژەی بە مێژووی خۆڕاگری گەلی ئێران کرد و وتی: "ئێمە هەشت ساڵ شەڕی سەپێندراومان تێپەڕاند، ساڵانێک ڕووبەڕووی بۆردومانی دوژمن بووینەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو گوشارەکان، گەلی ئێران هیچ کات تەسلیم نەبوو و هەمیشە خۆڕاگری کردووە." وتیشی: "لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووەتە دەستکەوتی بەرچاو لە بوارەکانی زانستی، پزیشکی، ئابووری و گەشەپێداندا. ڕاستە ئەمڕۆ وڵات لەگەڵ چەندین کێشە بەرەوڕووە، بەڵام لە چاو سەردەمی پەهلەویدا، پێشکەوتن و دەستکەوتی زانستی و تەکنەلۆژیای زۆر گەورە بەدەست هاتووە کە نکۆڵی لێ ناکرێت." حوجەتولئیسلام ڕۆستەمی لە کۆتاییدا جەختی لەسەر جیاکردنەوەی چەمکەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "ناڕەزایەتی لەگەڵ ئاژاوەگێڕی جیاوازە و نابێت ئەم دووانە تێکەڵ بکرێن."