15 12 2021

سەرۆکی زانکۆی چەرمووی هەرێمی کوردستانی عێراق: پێوەندی زانکۆی چەرموو و زانکۆی کوردستان دەبێ پتەوتر بێت

سەرۆکی زانکۆی چەرمووی هەرێمی کوردستانی عێراق داکۆکی کردە سەر پتەو کردن و درێژەدانی هاوکارییە زانستتیەکانی نێوان دوو زانکۆی چەرمووی هەرێمی کوردستانی عێراق و زانکۆی کوردستان.

سەرۆکی زانکۆی چەرمووی هەرێمی کوردستانی عێراق داکۆکی کردە سەر پتەو کردن و درێژەدانی هاوکارییە زانستتیەکانی نێوان دوو زانکۆی چەرمووی هەرێمی کوردستانی عێراق و زانکۆی کوردستان.
بە پێ ڕاپورتی دایرەی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، سەلاح ڕەزا سەعید لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی بیرکاری و کۆمپیوتەر کە لە هۆڵی مەولەوی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو، وتی: زانکۆی چەرموو نوێترین زانکۆی هەرێمی کوردستانی عێراقە کە لە شاری چەمچەماڵ دایە و لە ماوەی ژیانی کورتی خۆی تا ئێستا لە زۆر بواردا سەرکەوتوو بووە و لە بواری چالاکی زانستی نێونەتەوەیی، دەستکەوتی زۆری بووە.
ئەو هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە زانکۆی چەرموو تەنیا زانکۆی هەرێمی کوردستانی عێراقە کە هەموو چالاکی و تەنانەت وانە وتنەوەیان بۆ خوێندکاران بە زمانی ئینگلیزی بەڕێوە دەبەن، وتی: هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەم زانکۆیە بتوانێ لە بواری نێونەتەوەیی چالاکی زۆر بنوێنێت و خوێندکاری سەرکەوتووی ببێت.
سەلاح ڕەزا سەعید وتیشی: زانکۆی چەرموو سنوور ناناسێت و گەشەپێدانی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و کەڵک وەرگرتن لە دواهەمین دەستکەوتەکانی زانکۆکانی تر لە ئامانجە سەرەکییەکانیەتی کە ئەم دەرفەتەش بە پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ ئەم زانکۆیە ڕەخساوە.
ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە تائێستا سێ کونفڕانسی نێونەتەوەیی بەڕێوە چووە، وتی: بە هۆی هاوکاری باشیان لە گەڵ زانکۆی کوردستان، بڕیار درا چوارەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی بیرکاری و کۆمپیوتەر لەم زانکۆیە بەڕێوە بچێت.
ئەو ڕیازی و کۆمپیوتەر بە زانستی بنەمایی دەزانێت و پێ وایە خەڵکی ئێران هەستیان بەم گرینگایەتیە کردووە و وەرگرتنی خەڵاتی فیڵدز لە دوو ساڵی 2014 و 2018 لە لایەن مریەم میرزاخانی و کۆچەر بیرکار، دوو لاوی ئێرانی، زانایی ئەو خەڵکە دەسەلمێنێت و ئەمەش هۆی شانازی ئێمەیە.
سەرۆکی زانکۆی چەرمووی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆتاییدا داکۆکی کردە سەر پتەو کردن و درێژەدانی هاوکارییە زانستتیەکانی نێوان دوو زانکۆی چەرمووی هەرێمی کوردستانی عێراق و زانکۆی کوردستان و داوای کرد درێژە بە بەڕێوە بردنی ئەم کۆنفڕانسە لە ساڵانی داهاتوو بدرێت.