دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
سەمپۆزیۆمی "لێکدانەوەی گرنگایەتی و بایەخی زمانی دایکی" بەڕێوە چوو
شنبه، 3 اسفند 1398
سەمپۆزیۆمی
سەمپۆزیۆمی "لێکدانەوەی گرنگایەتی زمانی دایکی" لە لایەن ئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی زمان و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری فەرهەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی هۆنە بەڕێوە چوو.

بە ڕاپۆرتی بەشی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، سەمپۆزیۆمی "لێکدانەوەی گرنگایەتی زمانی دایکی" لە لایەن ئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی زمان و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری فەرهەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی هۆنە پێنج‌شەمە(1ی ڕەشەمە) لە تەلاری گۆرانی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
لەم سەمپۆزیۆمەدا پاش بەخێر هاتن و پێشکەش کردنی ڕۆژژمێری توێژینەوەیی چالاکییەکانی ئەنجومەن لە لایەن ئێحسان میرەکی بەرپرسی ئەنجومەنەوە، دوکتۆر بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی زانکۆی کوردستان گوتاری کردنەوەی لە ژێر ناوی "زمان، سوبژکتیڤیتە و ناسنامە: بۆچوونێکی فرە بابەت بژێر" پێشکەش کرد.
پاشان چوار پەنێلی زانستی بەڕێوە چوو کە لەوانەدا چەندین وتاری زانستی پێشکەش کرا و زمانی دایکی لە ڕوانگە جیاجیاکانەوە لێک درایەوە.
پەنێلی یەکەم لە ژێر ناوی "زمانی دایکی لە ڕوانگەی زمان ناسانەوە" بۆ بیرئایینی دوکتور محەمەد سدیق موفتی زادە بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوات ئەحمەدی بەڕێوە چوو.
لەم پەنێلەدا دوکتور یادگار کەریمی وەکوو گوتاربێژی یەکەم، وتاری خۆی لە ژێر ناوی "جۆراوجۆریی زمانی کوردی و داهاتووە زمانییەکەی" پێشکەش کرد و داکۆکی کردە سەر ئەوەی کە ئەبێ هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی بپارێزرێن و نابێ بە مەبەستی یەکگرتوو کردنی زمان، خۆمان لە دیکەی زاراوەکان بێ‌بەش بکەین.
دوکتور مەهدی سەجادی باسێکی لە ژێر ناوی "مافی زوانی ئەچا یاگێنە ئارۆ ماچاش کۆردستان" پێشکەش کرد کە تێیدا ڕەخنەی لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لە گەڵ زاراوەی هەورامی لە کۆمەڵگا و تەنانەت لە زانکۆ و قوتابخانەکانیش گرت.
سەعید کەرەمی وەکوو گوتاربێژی سێیەم وتاری خۆی لە ژێر ناوی "زمانی کوردی و کێشەی ڕێزمانی قەرزی" پیشکەش کرد و وتی وەرگێڕانی بەپەلە و هەڵە بۆتە هۆی شێوەیێک قەرزگرتنی ڕێزمانی و بە گشتی ڕەوتی قەرزگرتنی پێچەوانە کردۆتەوە.
پەنێلی دووهەم لە ژێر ناوی "زمانی دایکی لە پەروەردەی ناوچە کوردنشینەکاندا" بە بەڕیوەبەرایەتی مەهین فەرهەنگیان و گوتاربێژی ئەحمەد شەبانی و دوکتور فەریبا نامداری بەڕێوە چوو. ئەحمەد شەبانی وتاری خۆی لە ژێر ناوی "خوێندنەوەی پێگەی زمانە ئەتنیکییەکانی ئێران لە بەڵگەنامە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا" پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو کارانەی لە وەزارەتی پەروەردە کراوە بە هیچ شێوەیێک دڵخۆشکەر نییە و تەنانەت دەرسی ئازاد لە قوتابخانەکانیش خزمەتێکی بە زمانی ئێتنیکەکان و بە تایبەت زمانی کوردی نەکردووە.
بەشدار بووی دیکەی ئەم پەنێلە دوکتور فەریبا نامداری بوو کە ڕاپۆرتێکی لە سەر چالاکییەکانی پەروەردەی کوردستان سەبارەت بە زمانی دایکی پێشکەش کرد و باسی ئەو کاتانەی کرد کە وەکوو کاتی ئازاد لە خوێندنگاکان دانراوە کە لە پارێزگای کوردستاندا بۆ فێرکاری زمانی کوردی کەڵکی لێ وەرگیراوە و ئاکامی باشیشی بووە. لە کۆتاییش دا ڤیدیۆێیکی لە فێرکاری زمانی کوردی قوتابخانەکانی پارێزگا بڵاو کردەوە کە لە لایەن ماموستایانی بەشدار بووەوە وەکوو هەنگاوێکی ئەرێنی ناوی لێ برا کە درێژەدانی دەستکەوتی باشی دەبێت.
پەنێلی سێهەم بۆ بیرئانینی دوکتور ئەمیر حەسەن پوور بە بەشداری عەدنان حسەینی و دوکتور محەمەد ڕەحیمیان بەڕێوە چوو کە ڕەزا شەجێعی بەڕێوەبەری بوو. لەم پەنێلەدا عەدنان حسەینی سەبارەت بە "زمانی دایکی و گەشەدان" باسەکانی خۆی ئاراستە کرد و باسی ئەوەی کرد کە فێرکاری زمانی دایکی چۆن لە سەر گەشەپێدانی وڵاتێک کاریگەری دادەنێت. هەر لەم پەنێلەدا دوکتور محەمەد ڕەحیمیان وتاری خۆی لە ژێر ناوی زمان بنەمایێکی مەعریفی بۆ تێگەیشتن لە جیهان پێشکەش کرد.
دواهەمین پەنێلی ئەم سەمپۆزیۆمە لە ژێر ناوی "زمانی دایکی لە ڕوانگەی دەروون ناسانە و پەروەردەیییەوە" بۆ بیرئانینی ماموستا عەبدۆڕەحمان زەبیحی بەڕێوە چوو. دوکتور یەدۆڵا پەشابادی بەڕێوە بەری پەنێل بوو کە ئەحمەد سۆهرابی وەکوو یەکەم گوتاربێژ وتاری خۆی بە ناوی "یەک جیهان، دوو مێشک، چەند زمان: خوێندنەوەیێکی دەروون ناسانە" پێشکەش کرد. حەسەن غەریبی دواهەمین گوتاربێژی پەنێلی کۆتایی سەمپۆزیۆمەکە بوو کە کاریگەری زمان لە سەر جیهانبینی مرۆڤ لێک دایەوە.
 
پورتال اخبار