دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
کۆڕی خوێندنەوەی گوتارتەوەرانەی شیعری نالی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو
سه‌شنبه، 10 دی 1398
کۆڕی خوێندنەوەی گوتارتەوەرانەی شیعری نالی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو
ڕۆژی یەکشەمە 8ی بەفرانباری 1398ی هەتاوی لە زانکۆی کوردستان، لە تالاری خەیامی کۆلێژی زمان و وێژە، لە لایەن کومیتەی وێژەی ئەنجومەنی زانستی - خوێندکاریی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستانەوە، کۆڕێک لە ژێر ناوی خوێندنەوەی گوتار‌تەوەرانەی شیعری نالی بە ئامادە‌بوونی بەڕێز عەبدولخالق یەعقووبی بەڕێوە چوو.
بە پێ هەواڵی بەشی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان, لە سەرەتای ئەم دانیشتنە‌دا، بەڕێز سامان کەریمی، بەرپرسی کومیتەی وێژە و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی زانستی - خوێندکاریی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان بە‌خێرهاتنی ئامادە‌بووانی کرد و هەروەها لە مەڕ پۆلێنکاری ئەنجومەنی زانستی - خوێندکاریی بەشی کوردی، لە سەر پێشنیاری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڕێز ئێحسان میرەکی، بۆ سەر پێنج کومیتەی جیاواز دوا و پێنج گرووپەکەی لەگەڵ بەرپرسی هەر گرووپێک ناساند.

لە درێژە‌دا بەڕێز سامان کەریمی، ئاماژەی بەوە دا کە لە داهاتوویەکی نێزیک‌دا، ڕۆژژ‌مێری بەرنامە و چالاکییەکانی ئەنجومەنی زانستی – خوێندکاریی زمان و وێژە بڵاو دەبێتەوە و ئەم ڕۆژژمێرەش پێشنیاری سەرۆکی ئەنجومەن بووە.

هەروەها باسی ئەوەیان کرد کە لە سەرەتای تێرمی داهاتوو‌دا چەندین کۆڕ و سێمیناری تر لە لایەن کومیتەی وێژەوە بەڕێوە دەچێت کە لە ڕێگای لاپەڕەکانی ئەنجومەنی زانستی – خوێندکاریی زمان و وێژەی کوردی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم بەرنامە‌گەلە ڕادەگەیێندرێن.

لە بەشی دواییدا، دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی مامۆستای ڕاوێژکاری ئەنجومەن، وێڕای بەخێرهاتن‌کردنی میوانان و بەتایبەت مامۆستا عەبدولخالق یەعقووبی باسی گرنگایەتیی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە سەر نالی و بەرهەم و شێعرەکانی کرد و هەروەها باسی ئەوەی کرد کە نالی گەنجینەیەکی زۆر دەوڵەمەندە بۆ ئەدەبی کوردی؛ بۆ ئەوەی کە بتوانین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر ئەنجام بدەین.

پاشان بەڕێز عەبدولخالق یەعقووبی وەکوو وتار‌بێژی کۆڕ، باسەکەی دەست‌ پێ‌کرد. لە سەرەتاوە باسی چەمکی گوتاری لە زمان‌گەلی جیا جیا کرد و هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە خوێندنەوەی شێعرەکانی نالی لە ڕابردوو‌دا تەنیا خوێندنەوەیەکی بەلاغەت‌تەوەر و فەساحەت‌تەوەر بووە.

بوونی ئەم جۆرە خوێندنەوە‌گەلە ئەگەرچی بۆ شێعری نالی و شێعری شاعێرانی کلاسیکی کوردی پێویستن بەڵام تەنیا نابێت قاییل بەو جۆرە خوێندنەوەگەلە بین.

دنیای ئەمڕۆ پێویستی بەوە هەیە کە  خوێندنەوە‌گەلێکی گوتار‌تەوەر، خوێندنەوە‌گەلێک بۆ ڕوون‌کردنەوەی گوتاری شێعری شاعێران لەسەردەمی خۆیاندا کە بە کەڵکی ئەمڕۆ دێت کاری لە سەر بکرێت.

هەروەها لەدرێژەی باسەکەیدا بەڕێز عەبدولخالق یەعقووبی بە هێنانەوەی چەندین نموونە لە شیعری نالی ئاماژەیان بەوە دا کە نالی لە باسی مرۆڤ‌دۆستی، عەشقی ئینسانیدا خاوەن گوتارێکی تایبەتە و پێویستە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە بکرێت و جەخت بخرێتە سەر لایەنە نهێنیەکانی شیعری نالی.

یەکێک تر لە باسەکان کە بەڕێز عەبدولخالق یەعقووبی ئاراستەی ئاماده‌بووانی کرد، باسی ئەو کەسانەی کرد کە لە سەر نالی شەرح یان لێکۆڵینەوەیان چاپ‌کردووە. لە سەرەتای هەموویانەوە ئاماژەی بە مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕس و مەسعوود محەمەد دا. کەسانێک کە ئێستاکەش‌ بەرهەمەکانیان لە سەر نالی وەکوو سەرچاوە‌گەلی سەرەکی بۆ خوێندنەوەی شێعری نالی کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.

لە بەشی دواییی بەرنامەکەدا، بەشی پرسیار و وڵام بەڕێوە چوو، کە چەندین پرسیار لە لایەن ئامادە‌بووانەوە ئاراستەی بەڕێز عەبدولخالق یەعقووبی کرا و بەڕێزیان وڵام‌دەری پرسیار و بیر‌و‌ڕاکانی ئامادە‌بووان بوون. چەندین تێچن (کۆمێنت) لە لایەن ئامادە‌بووانیشەوە لە سەر شێعری نالی هاتە ئاراوە کە یەکێکیان لە لایەن دوکتۆر بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستانەوە بوو کە وتیان: بە داخەوە سیستمێکی بەهێز بۆ بە ئەرشیڤ‌کردنی فەرهەنگی کوردی بوونی نەبووە و ئێستاکەش شتێکی ئەوتۆ بوونی نییە، بەو شێوەیە کە هەنووکە شوێنی ئەسپەردە‌کردنی نالی و زۆر شاعێری تر دیار نییە. هەروەها ساڵی مردن و لە‌دایک بوونیشیان دیار نییە.

دوکتۆر سەجادی ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم بۆ ئەم جۆرە کارانە پێویستە لێکۆڵینەوە‌گەلێکی ڕاسەڵ و قووڵ ئەنجام بدرێن.

لە پاشدا دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی ئاماژەیان بە چەندین بابەت دا کە لەوێ باسی ساڵی لە‌دایک بوون و شوێن و ساڵی مردنی نالی دەکەن. لە بەشی دوایی بەرنامەکە‌دا پەردە لە سەر لوگۆی ئەنجومەنی زانستی- خوێندکاریی بەشی کوردیی لادرا.

لەم ڕێوڕەسمە‌دا بەڕێزان دوکتۆر بەختیار سەجادی، بەڕێز عەبدولخالق یەعقووبی و دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی پەردەیان لە سەر لۆگۆی ئەنجومەنی زانستی - خوێندکاریی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان لادا. ئەم لۆگۆیە بە مەبەستی هێمایەک بۆ چالاکییەکانی ئەنجومەنی زانستی - خوێندکاریی زمان و وێژەی کوردی داڕێژراوە هیوادارین کە ببێتە هێمایەک بۆ کار‌گەلی قووڵ و ڕاسەڵ لە پێناو گەشە و پەرە‌سەندنی زمان و فەرهەنگ و وێژەی کوردیدا.

لە بەشی کۆتاییشدا لە لایەن ئەنجومەنەوە ڕێز گیردرا لە بەڕێز عەبدولخالق یەعقووبی و تەواوی ژمارەکانی دوو گۆڤاری هۆنە و ئاوزین کە لە لایەن خوێندکارانی بەشی کوردییەوە دەر دەچن، پێشکەشی مامۆستا عەبدولخالق یەعقووبی کرا و بەڕێزیان زیادی کرد: کە ئەم دیارییانە گەورەترین و جوانترین دیارییەکانن بۆ من چونکە ئەمانە بەرهەمی دەنگگەلی خامۆشن، دەنگی خامۆش بەڵام قووڵ.
 
 
 
 
 
منبع: روابط عمومی دانشگاه
 
پورتال اخبار