دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
دوو سمیناری ڕێبازی ئەدەبی و وەرگێڕان لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو
دوشنبه، 13 آبان 1398
دوو سمیناری ڕێبازی ئەدەبی و وەرگێڕان لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو
لە لایەن ئەنجومەنی زانستی خوێندکارانی زمان و وێژەی کوردییەوە؛ دوو سمینار لە سەر ڕێبازی ئەدەبی و وەرگێڕان بەڕێوە چوو.
بە ڕاپۆرتی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ڕۆژی یەکشەمە، 12ی گەڵاڕێزان، دوو سمینار لە سەر ڕێبازی ئەدەبی و وەرگێڕان بە بەشداری دوو ماموستای زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ئەم سمینارە، زانا ڕەشیدی، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی زانستی خوێندکارانی زمان و وێژەی کوردی، ئاماژەی بۆ هەندێ لە چالاکییەکانی ئەنجومەن کرد و ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ساڵ چالاکی ئەم ئەنجومەنە، توانیومانە 17 کۆڕ و کۆبوونەوە بەڕێوە ببەین.
ئەو هەروەها وتیشی: خوێندکارانی بەشی کوردی گۆڤارێکیان هەیە کە تا ئێستا 4 ژمارەی لێ دەرچووە و ژمارەی پێنجەمیشی بەڕێوەیە کە بە گشتی بەرهەمی خوێندکارانی ئەم بەشەیە.
ئێحسان میرەکی، بەرپرسی نوێ ئەنجومەنیش لە درێژەدا وتی: خولی نوێ ئەنجومەن چالاکییەکانی خۆی بە سەر دوو چەشن دابەش کردووە کە یەکەمیان بریتیە لە کارگە، سەمپوزیۆم، سمینار و ... و بەشی دیکەیان دەرکردنی گۆڤاری ئاوزینە.
ئەو هەروەها باسی هەندێ بەرنامەی داهاتووی ئەنجومەن و گۆڕانکاری لەو ئەنجومەنەی کرد.
پاش بەخێرهاتنی میوانان لە لایەن دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی ماموستای ڕاوێژکاری ئەنجومەنی زانستی خوێندکارانی زمان و وێژەی کوردی، دوکتۆر موحسێن ئەحمەد عومەر سمیناری یەکەمی لە ژێر ناوی ڕوانینێکی نوێ بۆ ڕێباز و بزووتنەوە ئەدەبییەکان لە ئەدەبی کوردیدا پێشکەش کرد.
ئەو وتی: ئێمە هەوڵمان داوە دینامیزمێکی بیرکردنەوەی کوردی دروست بکەین کە لە سەر بنچینەی خوێندنەوەیێکی ناوەکییە واتا خوێندنەوەیێک بۆ ئەدەبیاتی کوردییە لە ڕوانگەی تایبەتمەندی ئەدەبی، ڕەخنەیی، کولتووری، جوغرافی و ... بە هەموو کەلەپووری شارستانی خۆیەوە.
دوکتۆر موحسێن ئەحمەد عومەر لە درێژەشدا باسی قۆناغەکانی ئەدەبی کوردی، چۆنیەتی سەرهەڵدانی ڕێبازە ئەدەبییەکان لە جیهان و کاریگەری ئەوان لە ئەدەبیاتی کوردی دەکات.
لە بەشی دووهەم سمینارێک لە لایەن دوکتۆر ئیبراهیم زێباری لە ژێر ناوی بەرەو مێتۆدۆلۆژییەکی نوێ بۆ وەرگێڕان پێشکەش کرا کە بە وتەی خۆی ئەزموونی چەندین ساڵ وانە وتنەوەی لە سەر وەرگێڕان لە زانکۆی سەلاحەدین بوو.
ئەو پێی وایە ناتوانین مێژوویێکی ڕاستەقینە لە دەسپێکی وەرگێڕان ببینینەوە و دەڵێت: مێژووی وەرگێڕان نادیارە بەڵام یەکەم جار لە ساڵی 1940 وشەی وەرگێڕان لە فەڕەنسە بە کار هێنرا.
دوکتۆر زێباری باسی مەبەستی وەرگێڕانی کرد و بە وردی جۆرەکانی وەرگێڕانی شی کردەوە و لە سەر کاریگەری ئەوانە لە ئەدەبیاتی هەر گەلێک هەندێ زانیاری پێشکەش کرد.
لە بەشی کۆتایی، ئامادەبووان هەندێ پرسیاریان ئاراستە کرد و ماموستایان وڵامیان دایەوە.
 
 
 
 
 
 
منبع: روابط عمومی دانشگاه
 
پورتال اخبار