دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
فێرکاری زمانی کوردی لە قوتابخانەکان یەکەم هەنگاوەکانی دەپێوێ
یکشنبه، 17 شهریور 1398
فێرکاری زمانی کوردی لە قوتابخانەکان یەکەم هەنگاوەکانی دەپێوێ
بە گوێرەی مادەی 15ی یاسای بنەڕەتیی ئێران فێرکاریی زمانە جیاجیاکانی ئیتنیکەکان لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا ئاسایی و ڕێگەپێدراە بەڵام تا ئێستا هەنگاوێک لەم بوارەدا هەڵنەگیراوە و بۆ یەکەم جار و یەکەم هەنگاوی فەرمی گەڵاڵەیێک لە لایەن ماموستایانی زانکۆی کوردستان نووسراوە و ڕادەستی جێگرایەتی مافەوانی و پێوشوێنگریی یاسایی سەرۆک کۆمار کرا.

بە گوێرەی مادەی 15ی یاسای بنەڕەتیی ئێران فێرکاریی زمانە جیاجیاکانی ئیتنیکەکان لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا ئاسایی و ڕێگەپێدراە بەڵام تا ئێستا هەنگاوێک لەم بوارەدا هەڵنەگیراوە و بۆ یەکەم جار و یەکەم هەنگاوی فەرمی گەڵاڵەیێک لە لایەن ماموستایانی زانکۆی کوردستان نووسراوە و ڕادەستی جێگرایەتی مافەوانی و پێوشوێنگریی یاسایی سەرۆک کۆمار کرا.

هۆکاری ئەوەی کە پاش 40 ساڵ ئەم یاسایە لە پەروەردە و بارهێناندا جێبەجێ نەکراوە، پرسێکی فرە ڕەهەندە و لایەنی زۆر دەگرێتەوە، گەرچی لە خوێندنگا و قوتابخانەکان و بە گشتی لە پەروەردە و بارهێناندا، ئەم کارە جێبەجێ نەکراوەبەڵام بەختەوەرانە بە هەوڵ و تێکۆشانی ژمارەیێک لە ماموستایانی کوردستان، بەشی زمان و وێژەی کوردی لە ساڵی 1394ی هەتاوی لە زانکۆی کوردستان کرایەوە و بۆ ماوەی 4 ساڵە خوێندکار وەردەگرێت و بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵات 35 کەس قۆناغی کارناسی زمان و ئەدەبی کوردییان تێپەڕاند.

ساڵی 1395ی هەتاوی عەلی یوونسی، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار لە بواری ئێتنیکەکان و کەمینە دینی و ئایینیەکانەوە لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند: سەرۆک کۆمار فەرمانی داوە کە فێرکاری زمانەکانی کوردی و تورکی لە ناوچەگەلی تایبەت بەو زمانانە دەست پێ بکات بەڵام هەروەها کە دەبینرێت تا ئێستا ئەم فەرمانە نەچووەتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

سەفەری جێگری بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتیی سەرۆک کۆمار بۆ کوردستان بوو بە بیانوویێک بۆ ئەوەی کە ئاوڕێک لە پرسی فێرکاری زمانی کوردی لە قوتابخانەکان بدەینەوە کە دەبوا 40 ساڵ لەوە پێش جێبەجێ ببوایا.

جێگری بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتیی سەرۆک کۆمار حەفتەی ڕابردوو بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە پارێزگای کوردستان ئامادە بوو و لە چەندین دانیشتن و کۆبوونەوەدا بەشداری کرد کە یەکێک لەوانە کۆبوونەوەیێک لە گەڵ ماموستایان و بلیمەتانی زانکۆی کوردستان بوو.

لەم کۆبوونەوەدا ژمارەیێک لە ماموستایانی زانکۆی کوردستان داخوازیەکانی خۆیان سەبارەت بە فێرکاریی زمان و وێژەی کوردی لە پۆلە جیاوازەکانی پەروەردە بەم شێوەیە دەربڕی.

بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لەم کۆ بوونەوەدا وتی: بەختەوەرانە بەشی زمان و وێژەی کوردی لە قۆناغی کارناسی لە زانکۆی کوردستان دامەزرا و 35 کەس قۆناغی کارناسییان تێپەڕاند و حەفتەی ڕابردووش هەواڵی باشمان پێگەیشت و وەزیری زانست بەڵێنی دا ماستەری زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان بکرێتەوە بەڵام تا ئێستا لە وەزارەتی پەروەردە بە هیچ شێوەیێک هەوڵ نەدراوە کە مافی ئاسایی خوێندن بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکان جێبەجێ بکرێت و ئەمەش جێ داخە.

ئەو تیشکی خستە سەر گرینگایەتی فێرکاری زمانی کوردی وەکوو بەشێک لە ناسنامە و فەرهەنگ و وتیشی: ئەم کارە گرینگە لە سەر داهاتووی خوێندکاران و قوتابیان کاریگەر دەبێت.

سەرۆکی بەشی کوردی زانکۆی کوردستان وتی هیوادارین هاتنی جێگرایەتی مافەوانی و پێوشوێنگریی یاسایی سەرۆک کۆمار ببێتە هۆی پێوشوێنگری ئەم کارە گرینگە کە ئاساییە و نابێ هیچ ڕێگر و لەمپەرێکی ببێت.

سیاسەتی هەڵەی زمانی ئاکامی بەرپرسیاریەتی کەسانی ناشارەزایە

هەروەها دوکتۆر یادگار کەریمی باسی لە ئەو سیاسەتە زمانیانە کرد کە دەفرایەتیەکانی زمانی کوردی لەوانەدا ڕەچاو ناکرێت و وتی: ئێمە هەموومان ئاواتی سەربەرزی وڵاتی ئێران و یەکگرتوویی لەم وڵاتەمان لە دڵدایە بەڵام سیاسەتی هەڵە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەی نەخوازراو بەرەو ڕادیکاڵ بوون بڕۆین.

ئەو هەروەها تیشکی خستە سەر کاریگەری سیاسەتە هەڵە زمانیەکان لە سەر زمانی کوردی و وتیشی: ئەم ڕەوتە ئاکامی ناشارەزایی ئەو کەسانەیە کە دەبنە ڕاوێژکاری بوارە پێوەندیدارەکان بە زمانەوە کەچی بە هیچ شێوەیێک ئاگاداری کێشە و تەنانەت تایبەتمەندی ئەو زمانە نین.

کەریمی پێی وایە هەر بەو شێوە کە ناکرێ سیاسەتی زمانی لە کوردستان بخرێتە ئەستۆی کەسێک لە دەرەوەی سنوورەکان، هەر بە هەمان شێوەش ناکرێ بە کەسێک کە لە تاران دانیشتووە و بە هیچ شێوەیێک ئاگاداری ئەم زمانە نیە، بسپێردرێت.

بە وتەی ئەم ماموستایە، تا کاتێ کە کەسانی ناشارەزا بڕیاردەر بن، بە لاڕێدا دەچین و تەنها ڕێگای دەرچوون لەم دۆخە، هەڵبژاردنی کارناسانی شارەزا و دانیشتووی ناوچە کوردنشینەکانە، کەواتە بۆ بەرگری لە بەرەو ڕادیکاڵ بوونی نەخوازراوی کۆمەڵگا، دەبێ ئەم داخوازیە لە بەرچاو بگیردرێت و کەسێکی بە ئەزموون و شارەزا وەکوو نوێنەری ئاخێوەرانی کورد بۆ دانانی سیاسەتی زمانی هەڵبژێردرێت.

بەڵێنی پێوشوێنگیری یاسای فێرکاری زمانی ئیتنیکەکان لە لایەن بەرپرسی جێبەجێ کاری یاسای بنەڕەتی

لە ئەنجامی داخوازیی ئەو ماموستایانە، عەلی ئەکبەر گورجی، جێگرایەتی مافەوانی و پێوشوێنگریی یاسایی سەرۆک کۆمار بەم شێوەیە وڵامی دایەوە: ئەمن بۆ خۆم بە دڵنیایی تەواوەوە خوازیاری جێبەجێ بوونی ئەم یاسا گرینگەم و پێم وایە زۆر بوونی زمان و وێژە دەتوانێ دەرفەتێک بێت و هیچ مەترسیێک دروست ناکات، بەڵام من ناتوانم بەڵێن بدەم و ئێوە دڵنیا بکەم کە ئەم کارە جێبەجێ دەبێت و تەنیا دەتوانم داخوازی ئێوە بە بەرپرسان ڕابگەینم.

ئەو هەروەها بەڵێنی دا هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ جێبەجێ بوونی ئەم یاسایە و داوای کرد گەڵاڵەیەکی نووسراو و ڕێک‌وپێک ڕادەستی ئەو جێگرایەتییە بکرێت تاکوو لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا بەدواداچوونی بۆ بکرێت و هەر بۆ ئەم مەبەستەش، گەڵاڵەی پێشنیارکراوی زانکۆی کوردستان کە ئاکامی کاری هاوبەشی مامۆستایانی بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستان و مامۆستایانی شارەزای پەروەردەی پارێزگایە، بە شێوەی فەرمی و لە لایەن سەرۆکی زانکۆی کوردستانەوە ڕادەستی بەڕێزیان کرا.

چارەسەر کردنی کێشەی فێرکاری زمانی کوردی لە قوتابخانەکان هەوڵی پتەو و ویستی ڕاستەقینەی دەوێت

بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی کوردی زانکۆی کوردستان سەبارەت بەم پرسە و هەروەها هۆی جێبەجێ نەبوونی و هەوڵەکانی بەشی کوردی لەم بوارەدا بەم شێوەیە بۆ سیروان باس دەکات و دەڵێت: جێ سەرسووڕمانە کە بۆچی تا ئێستا مادەی دەستووری و یاسایی فێرکاری زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا نەخراوەتەوە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بە بڕوای بەڕێزیان ئەم کێشەیە پێوەندی هەیە بە وەزارەتی پەروەردەوە لە بەر ئەوە کە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان لە پارێزگاکاندا هەر جۆرە بڕیارێ بدەن ئەبێ ڕێکەوتنی ئەو وەزارەتخانەیە وەرگرتبێ.

سەجادی پێی وایە چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە هەوڵی پتەو و ویستێکی ڕاستەقینەی ئەوێت بەڵام بەداخەوە ئەو ئیرادە و ویستە ئەو جۆرە کە دەبوا ببوایا، لە پەروەردەدا نابیندرێت واتا بەداخەوە کەمتر هەوڵێکی جیدی لە پەروەردەدا ئەبیندرێ بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە.

ئەو ئاماژە دەکات بۆ چارەسەر بوونی هەموو کێشەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کرانەوەی بەشی کوردی لە زانکۆکان و دەڵێت: لە وەزارەتی پەروەردەدا ڕێک بە پێچەوانەوە هیچ هەوڵێکی بۆ نەدراوە و بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان بە حوکمی ئەوەی کە تەنیا بەشی زانستی ئەدەبی کوردی لە سەرتانسەری ئێراندایە و هەروەهاش بە پێی ئەو دەسەڵاتە کە لە لایەن پارێزگارەوە پێ  دراوە، بیری لەوە کردەوە کە گەڵاڵەیێک ئامادە بکات بۆ خوێندنی کوردی لە قوتابخانە و فێرگەکانی پەروەردە.

سەرۆکی بەشی کوردی زانکۆی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەم کارە بابەتێکی دوور و درێژ  و فرە ڕەهەندە و وتیشی: چارەسەر کردنی ئەم کیشەیە بێ گومان پێویستی بە تێپەڕ بوونی ڕەوتێکی درێژ خایەن هەیە و ئەبێ ئەم کێشەیە لە چەندین فازدا چارەسەر بکرێت و ئەوەی ئێمە پێشنیارمان کردووە، فازی یەکەمە کە تەنها قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی ئەگرێتەوە و دیارە لە فازەکانیتر قۆناغی سەرەتاییش ئەگرێتەوە و هەروەهاش لە ڕووی ئاستی  جێبەجێ کردنەوە باس لە سەر ئەوە کراوە کە لە قۆناغی یەکەمدا تەنها شاری سنە و لە قوناغی دووهەمدا هەموو شارەکانی پارێزگا و لە قۆناغی سێهەمدا هەموو شار و دێهاتەکانی پارێزگا و دواتر دەکرێ ئەمە بەرفراوانتریش بێتەوە چ لە ڕووی کاتژمێر و کاتی تەرخان کراو بۆ ئەم وانەیە و چ لە ڕووی ئەو ناوچەگەلە کە ئەم گەڵاڵە ئەیانگرێتەوە.

گەڵاڵەی ئاماژە پێکراو لە سەر دەستی سێ ماموستای زانکۆی کوردستان نووسراوە و بەو شێوەیە کە بەختیار سەجادی باسی دەکات چەند کەسیتر لە ماموستایانی زانکۆی کوردستان و هەروەها کۆمەڵێ ماموستای خاوەن ڕا و شارەزای پەروەردە ئەوەیان بینیوە و ڕوانگەی خۆیان سەبارەت بەو کارە گرینگە دەربڕیوە.

ئەو هەروەها لە درێژەدا چۆنیەتی گەڵاڵەکەی زۆرتر شی کردەوە و وتی: ئەم گەڵاڵەیە بۆ سێ ساڵی ناوەندی و سێ ساڵی دواناوەندی ئامادە کراوە و هەر ساڵێک دوو وانە ئەگرێتەوە و هەر وانەیێک چەندین بەشی جیاجیا ئەگرێتەوە کە پێویستی بە لانیکەم سێ چوار دانیشتنە و ناوەرۆکی سەرجەم وانەکان، چۆنیەتی دەقەکان و پرسیار و ڕاهێنانەکان بە گوێرەی یاسا و ڕێسا کانی وەزارەتی پەروەردە دانراون و لە هەموو بن زارەکان بۆ وێنە گەڕووسی، کورمانجی، سۆرانی و تەنانەت هەورامیش کەڵک وەرگیراوە.

سەجادی لە کۆتاییدا وتی: بەداخەوە ئەگەرچی کۆمەڵێ ماموستای دڵسۆز لە پەروەردەدا چالاکن و ساڵانێکە خەریکی وانە وتنەوەی کوردی لە فێرگە و قوتابخانەکانن و کۆمەڵێ بەرپرسی دڵسۆزیشمان هەیە بەڵام ئەو جۆرە کە پێویستە تا ئێستا هەوڵ نەدراوە و ئەم هەنگاوەی ئێمە ناومانە گەرچی هەنگاوێکی بچووکی سەرەتاییە، بتوانێ دەور بگێڕێ لە چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە  و هیوادارین بە پێی بڕیاری بەرپرسەکان بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

شیاوی ئاماژەیە بە گوێرەی مادەی 15ی یاسای بنەڕەتیی ئێران فێرکاریی زمانە جیاجیاکانی ئیتنیکەکان لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا ئاسایی و ڕێگەپێدراوە.

 

سه رچاوه: سیروان 
 
پورتال اخبار