گەڵاڵەیەک بۆ فێرکاریی زمانی کوردی لە پەروەردە لە لایەن سەرۆکی زانکۆی کوردستانەوە ڕادەستی جێگری بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتیی سەرۆک کۆمار کرا
|
شنبه، 9 شهریور 1398
|
گەڵاڵەی فێرکاریی زمانی کوردی لە پۆلە جیاوازەکانی خوێندن کە بەرهەمی کاری هاوبەشی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان و مامۆستایانی شارەزای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگایە، لە لایەن سەرۆکی زانکۆی کوردستانەوە ڕادەستی جێگرایەتیی پێوەندی و یاسایی سەرۆک کۆمار کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی پێوەندییه گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، بەرپرسی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتی لە جێگرایەتیی پێوەندی و یاسایی سەرۆک کۆمار، ڕۆژی پێنجشەمە 7ی خەرمانان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایان و بلیمەتانی زانکۆ کە لە هۆڵی فێردۆسی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، داخوازی و داواکاریی بەشداربووانی سەبارەت بە جێبەجێکردنی رەهەندە جۆراوجۆرەکانی یاسای بنەڕەتی بیست و پاشان وڵامی پێویستی دانەوە.
لە ئەنجامی داخوازیی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی کوردستان سەبارەت بە فێرکاریی زمان و وێژەی کوردی لە پۆلە جیاوازەکانی پەروەردە، د. عەلی ئەکبەر گورجی، جێگرایەتی مافەوانی و پێوشوێنگریی یاسایی سەرۆک کۆمار داوای کرد گەڵاڵەیەکی نووسراو و ڕێکوپێک ڕادەستی ئەو جێگرایەتییە بکرێت تاکوو لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا بەدواداچوونی بۆ بکرێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەش، گەڵاڵەی پێشنیارکراوی زانکۆی کوردستان کە ئاکامی کاری هاوبەشی مامۆستایانی بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستان و مامۆستایانی شارەزای پەروەردەی پارێزگایە، ڕادەستی بەڕێزیان کرا.
شیاوی ئاماژەیە بە گوێرەی مادەی 15ی یاسای بنەڕەتیی ئێران فێرکاریی زمانە جیاجیاکانی ئیتنیکەکان لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا ئاسایی و ڕێگەپێدراوە.