دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
کۆبوونەوەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارکی زانست و تەکنۆلۆژیی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی کۆلێژی زمان و وێژە
شنبه، 12 مرداد 1398
کۆبوونەوەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارکی زانست و تەکنۆلۆژیی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی کۆلێژی زمان و وێژە
رۆژی چوارشەمە ڕێککەوتی 9ی گەلاوێژی 1398، پرۆفێسۆر خالید سەعیدی، سەرۆکی پارکی زانست و تەکنۆلۆژیی کوردستان و دوکتۆر ئەحمەد محەمەدی، جێگری سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە، سەردانی کۆلێژی زمان و وێژەیان کرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی کۆلێژی زمان و وێژەی زانستگای کوردستان کۆبوونەوە.
بە ڕاپۆرتی بەشی پێوەندیە گشتیەکانی زانستگای کوردستان, لە دانیشتنەکەدا باسی هاوکاریی نێوان هەردوو لا کرا و بڕیار درا لێژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە لە پارکی زانست و تەکنۆلۆژیی کوردستان پێکبهێنرێت.

بەڕێز پڕۆفێسۆر سەعیدی ئاماژەی بەوە کرد کە لە زووترین کاتدا ماڵپەڕی دامەزراوە زانستییەکەیان بە زمانی کوردی دادەنرێت و هەروەهاش لە داهاتوودا چەندین بەرهەمی فەرهەنگی و زانستی لە ڕواڵەتی نەرمئامێر و کایەی کامپیۆتێریدا بە زمانی کوردی پێشکەش دەکەن. 
لە کۆبوونەوەکەدا، باسی گرنگایەتیی و دەوری زمان و ئەدەب و هونەری کوردی کرا لە داهاتووی فەرهەنگی و تەنانەت پیشەسازیی کۆمەڵگادا و، جەخت لەسەر ئەو خاڵە کرایەوە کە فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکیی کوردی بە هەموو ژێربەشەکانییەوە، بە هۆی دەوڵەمەندی و چەشناوچەشنییەوە، پێویستە وەکوو ئەنیمەیشن و کارتۆن و گەمە بۆ منداڵان بەرهەم بهێنرێنەوە.
بێجگە لەمانەش، باس لە فێرکاریی زانست کرا بە زمانی کوردی و ئاماژە بۆ جێگە و پێگەی تەکنۆلۆژی کرا لە بوارە هونەری و ئەدەبی و زمانییەکاندا. هەروەهاش بڕیار درا لە داهاتوویەکی نزیکدا چەندین تابلۆی کوردی بە زمان و ڕێنووسی کوردییەوە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا پێشکەش بکەن. 
لە پاڵ ئەمانەشدا، باس لە گرنگایەتیی وشە کوردییەکان کرا بۆ مارک و برەندە بازرگانی و پیشەسازانەکان. بۆ نموونە، باسی لە سێوی مێخەکڕێژ کرد کە دەتوانرێت وەک بەرهەمێکی فەرهەنگیی کوردستان لە بۆنەگەلی تایبەت بە دڵداری و ئەوینداری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشکەش بکرێ و بفرۆشرێ و وەک دیاریی خۆشەویستی بە دەرەوەی کوردستان بناسێندرێ.

 ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆلێژی زمان و وێژە بە بایەخەوە سەردانەکەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارکی زانست و تەکنۆلۆجیی کوردستان‌یان هەڵسەنگاند و ئامادەیی‌ خۆیان بۆ ئاریکاریی زیاتری نێوان هەر دوو لا دەربڕی.
دوکتۆر یەعقووبی، ڕاگری کۆلێژ، باسی لە گرنگایەتیی توێژینەوە فەرهەنگییەکان کرد لە جیهانی ئەمڕۆدا و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە فەرهەنگی ناوچە جیاجیاکان زیاتر بایەخی پێ بدرێت.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، هەر یەک لە بەڕێزان دوکتۆر حەسەن سەرباز جێگری ڕاگری کۆلێژ، دوکتۆر بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی کوردی، دوکتۆر نەجمەدین جەباری سەرۆکی بەشی فارسی، دوکتۆر زەکەریا بزدوودە سەرۆکی بەشی ئینگلیسی و دوکتۆر ئەحمەد محەمەدی جێگری سەرۆکی پارکی زانست و تەکنۆلۆژیی کوردستان بابەت و پێشنیارەکانی خۆیان ئاراستە کرد.
ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی کۆلێژ لە قسەکانیاندا جەختیان لەسەر بەرهەم‌هێنانی بابەت و گوتارسازی بۆ کۆمەڵگا و بە تایبەت چینی منداڵ و مێرمنداڵ کردەوە و تیشکیان خستە سەر گرنگایەتیی گێڕانەوە و پێویستیی چیرۆکسازی لە بەرهەمە فەرهەنگییەکاندا لەسەر بنەمای کەلەپووری کوردی.
ئامادەبووان تیشکیان خستە سەر ناساندن و شرۆڤەی زیاتری ئەدەبی چیرۆک و شانۆی هاوچەرخی کوردی، هاوکات لەگەڵ گرنگیدان بە شیعری کوردی لە پێگەی بەرهەمی فەرهەنگیدا.
هەروەهاش، جەخت لەو خاڵە کرایەوە کە تێکڕای ئەم هەوڵانە دەتوانن دەوری بەرچاو بگێڕن لە برەندسازی و بواری بازرگانیدا بە سەرنجدان بە بووژانەوە و پەرەسەندنی فەرهەنگی. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسانە لە نێوان هەر دوو لا پێکبهێنرێت.

سەرچاوە: بەشی کوردی زانکۆی کوردستان
 
پورتال اخبار